ئەمینداری گشتیی یەكگرتوو: هێرشە مووشەكییەكەی سەر هەولێر هەڵگری پەیامی ناحەزانی ئەزموونی گەلەكەمانە
ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان رای دەگەیەنێت، هێرشە مووشەكییەكەی سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان هەڵگری پەیامی ناحەزانی ئەزموونی گەلەكەمانە و هەوڵێكی دوژمنكارانەیە بۆ تێكدانی ئارامیی پایتەختی هەرێمی كوردستان.
سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان لە پەیامێكدا رای گەیاند: ”مووشەکبارانکردنی شەوی ڕابردووی شاری هەولێر، هەڵگری پەیامێکی ڕوونی ناحەزانی ئەزموونی گەلەکەمانە و هەوڵێکی دوژمنکارانەیە بۆ تێکدانی ئارامیی پایتەختی هەرێمی كوردستان“.
هاوكات وێڕای بە توندی ئیدانەکردنی، داوای لە تێكڕای لایەنە سیاسییەكان كردووە، بەرپرسانە لە هێرشە مووشەكییەكە بڕوانن و ”ئەركی خۆیان لە یەكڕیزی و یەكهەڵوێستیی پێویست“ بەرامبەر بەو جۆرە هێرشە بەجێ بگەیەنن.
بە گوێرەی راگەیاندراوی وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، کاتژمێر 9:30 شەوی رابردوو (دووشەممە 2021/2/15)، چەند مووشەکێک ئاراستەی شاری هەولێر و دەوربەری كران و بەر چەند شوێنێک کەوتن. لە ئەنجامدا چەند کەسێک برینداربوون.
دوای ئەم ڕاگەیاندراوەش، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە دژی داعش ئاشكرای كرد كە لە ئەنجامی هێرشە مووشەكییەكەی سەر هەولێر كە مووشەكێك بەر بنكەی هاوپەیمانان كەوتووە، لە ئەنجامدا بەڵێندەرێكی مەدەنی گیانی لەدەست داوە و چواری دیكەش بریندار بوون.
باسنيوز
