نێچیرڤان بارزانی: هەرێمی کوردستان ئامادەیە کێشەکانی لەگەڵ بەغدا بە یەکجاری چارەسەر بکات
ئێوارەی رۆژی دووشەممە 2021/02/15 نێچیرڤان بارزانی لە هەولێر پێشوازیی کرد لە هەریەکە لە ئۆلێ دیێل، باڵیۆزی ئەڵمانیا و برونۆ ئۆبێرت، باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق.
لە دیدارەکەدا باس کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و چارەسەرکردنیان، پرسی تیرۆر و مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی و دۆخی ناوچەکانی ماددەی 140 کرا.
هەروەها نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە دا کە هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان و تێپەڕاندنی قەیرانەکان پێویستیان بە یارمەتیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کرد کە هەرێمی کوردستان ئامادەیە لەسەر بنەمای دەستوور تەواوی کێشەکانی لەگەڵ حکومەتی عێراقدا بە یەکجاری چارەسەر بکات و لەگەڵیاندا رێکبکەوێت.
هەروەها ئەرک و بەرنامەی ناتۆ لە عێراق و بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و لێکەوتەکانی بەشێکی دیکەی دیدارەکە بوو.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق و رۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان لەو بارەیەوە کرا.
هەردوو باڵیۆز جەختیان لە یارمەتیدانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەلایەن یەکێتیی ئەوروپا کردەوە.
rudaw -
