باڵیۆزانی ئەڵمانیا و فەرەنسا ئامادەیی وڵاتەکانیان بۆ بەهێزکردنی هەرێمی کوردستان دەربڕی
ئێوارەی رۆژی دووشەممە 2021/2/15 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە ئۆله دیل و برونۆ ئوبێرت باڵیۆزانی ئەڵمانیا و فەرەنسا لە عێراق کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پەیوەندییەکانی ئەو دوو وڵاتە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا کرا و، هەردوو باڵیۆز ئاماژەیان بەوە دا کە دەرفەتێکی باش بۆ پەرەپیدانی زیاتری پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەیە.
هاوکات مەسرور بارزانی سوپاسی هەردوو وڵاتی کرد کە لە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا هاوکاری هەرێمی کوردستان بوون.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرا و جەخت لە چارەسەرکردنی کێشەکان و گەیشتنە رێککەوتن لەسەر بنەمای دەستوور کرایەوە.
هاوکات باس لە گرنگی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال و گەڕانەوەی ئارامی و سەقامگیری بۆ ئەو ناوچەیە کرا.
rudaw -
