ڕێبوار تاڵەبانی: دۆخی گێژاوی عێراق ڕێخۆشکەرە بۆ سیاسەتی تەعریب لە کەرکووک

ڕێبوار تاڵەبانی: دۆخی گێژاوی عێراق ڕێخۆشکەرە بۆ سیاسەتی تەعریب لە کەرکووک
ماوەیەكە دیسان لە شاری كەركووك سیاسەتی بە عەرەبكردنەوە بە چڕی دەستی پێ کردووەتەوە و سەرۆكی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك کە پێشتر ئەنجوومەنەکە لەلایەن عێراقەوە هەڵوەشێندراوەتەوە، دەڵێت دۆخی گێژاوی عێراق ڕێخۆشکەرە بۆ سیاسەتی تەعریب لە کەرکووک.

لەمبارەوە ڕێبوار تاڵەبانی، چاودێری سیاسی و سەرۆكی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، ڕاگەیاند: "تەعریب و بە شیعەكردنی كەركووك بەردەوامە و دۆخی گێژاوەی عێراق رێخۆشكەرە بۆ ئەوەی ئەو سیاسەتی تەعریبە لە كەركووك هەر پەیرەو بكرێ و هێزە میلیشیاكان لە كەركووك حكوم بكات و عەرەبە هاوردەكان زیاد لە سنووری خۆیان تەجاوزیان كردووە.

لەبارەی ئەو لیژنە پەرلەمانییەی كە پەرلەمانی عێراق بۆ چارەسەری كێشەی زەویوزاری كورد لە سنووری پارێزگای كەركووك پێكی هێناوە، رێبوار تاڵەبانی گوتی: "ئەو لیژنە پەرلەمانییە كێشەی زەویوزاریان لە كەركووك پێ چارەسەر ناكرێت و ئەوی كە هەیە دەستی بەدەستییە تاکوو وایان لێ دەكەن خۆیان بێزار ببن و بكشێنەوە و ئیتر میلیشیاكان خۆیان هەر ئامانجێكیان بوێت لە ناوچەکە بیپێكن، بۆیە دەبێت دۆخی كەركووك لە ریشەوە چارەسەر بكرێت".








باسنيوز
Top