پەرلەمان لیژنەیەکی لەبارەی خراپییی کوالیتی بەنزین لە سلێمانی پێک ھێنا

پەرلەمان لیژنەیەکی لەبارەی خراپییی کوالیتی بەنزین لە سلێمانی پێک ھێنا
جەلال محمەدئەمین، ئەندامی لیژنه‌ى كاروبارى ته‌ندروستى و ژینگه‌ و مافی بەکاربەر لە پەرلەمانی کوردستان راگەیاند: "ئەمڕۆ لیژنەکەمان دەست بە لێکۆڵینەوە لەبارەی کوالیتی خراپیی بەنزین لە سلێمانی دەکات کە مەترسیی لەسەر تەندروستیی ھاووڵاتییان هەیە".

گوتیشی: "ئەمڕۆ یەکشەممە 2021.2.14 لیژنەکە بۆ لێکۆڵینەوە دەچێتە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرھەمە نەوتییەکان لە سلێمانی و دواتر دەچنە ژمارەیەک بەنزینخانە بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە لە خراپی و مەترسییەکانی ئەو بەنزینە بکەین و بەراوردی بکەین لەگەڵ کوالیتی بەنزینی ناوچەکانی دیکە و دواتر راپۆرتی دەدەینە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە".

جەلال محمەدئەمین گوتیشی: "ئەو بەنزینەی لە ئێرانەوە دێتە سلێمانی، کوالیتییەکەی خراپە و جێگەی مەترسییە بۆ سەر تەندروستیی ھاووڵاتییان".

ماوەیەک لەمەوبەر عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان لە پێگەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) لەژێر ناوی (نامەیەک بۆ هاوسەرۆکانی یەکێتی)، مەترسییەکانی کوالیتی بەنزینی لە سنووری سلێمانی خستە روو.

عەلی حەمەساڵح لە سەرەتای نامەکەدا نووسیویە: "ئەوەی لە سلێمانی دەکرێتە ئۆتۆمبێل بەنزین نییە، پترۆکیمیاوی و بەرزکەرەوەی ئۆکتان تێکەڵ دەکرێت و بەناوی دروستکردنی بەنزینەوە دەفرۆشرێت، بەدڵنیایی ئەمە بەنزین نییە، دڵنیاش بن ئەوەی لە ئێرانیشەوە دێت ھەر بەنزین نییە و ھەمان تێکەڵکردنە! ئەم تێکەڵکردنە بڕێکی ئێجگار زۆر ماددەی رەساسی تێدایە دەبێتە ھۆی دروستبوونی شێرپەنجە".

ئەو پەرلەمنتارە ئاماژەی بەوەش دابوو: "بیست گۆڕەپانی گەورەی سووتەمەنی و تێکەڵکردن و دروستکردنی بەنزین لە تانجەرۆیە، ئەمانە مۆڵەتی ھیچ شوێنێکیان نییە، لەژێر ھیچ چاودێریەکیشدا نییە، ئایا دەکرێت گۆڕەپانی دروستکردنی بەنزین بێ مۆڵەت و بێ چاودێر بێت، بەڵام سەرتاشخانە بێ مۆڵەت کار ناکات! ئایا بەنزین بەم شێوە دروست دەبێت!"

هاوکات نووسیویە: "قەبارەی قازانجی ئەم بازرگانییە ھێنانی پترۆکیمیاوی و تێکەڵکردنە نزیکەی سێ ملیۆن دۆلاری مانگانەیە! ئایا دەکرێت بۆ سێ ملیۆن دۆلاری چەند کەسێک ھەزاران کەس تووشی شێرپەنجە بێت.؟"

لە درێژەی نامەکەی عەلی حەمەساڵحدا هاتووە: "ئەوەی ڕێگا بۆ ئەم تاوانە خۆش دەکات ئەوەیە دەڵێ: بەنزینی بازرگانی سلێمانی لە ھەموو جیھان ھەرزانترە! بەنزینی بازرگانی بەنرخی بۆرسە دەفرۆشێت ھەرزان گرانی نییە!! بەڵکوو ئەگەر بەنزین بێت ھی ئێمە گرانتر دەبێت، چونکە تێچوی گواستنەوەشی دێتە سەر.. بەبێ پشتیوانی حوکمەت لە ھیچ کوێی دونیا بەنزین لە نرخی بۆرسەی جیھانی ھەرزانتر نییە".




باسنيوز
Top