لە پارێزگای هەولێر هەشت هەزار سەبەتەی خۆراك دابەش دەکرێت
یوسف چاوشین، بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتیی هەولێر ڕايگەیاند: "8 هەزار سەبەتەی خۆراک كە حكوومەت دابینی كردووە، لە ڕێگای کۆمەڵە و ڕێکخراوەکانی کەمئەندامان بە سەر کەمئەندامانی پارێزگای هەولێری دابەش دەکەین، لە ناوەندی هەولێر دەست پێکراوە و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لە قەزاکانی تریش دەست پێدەکرێت".
لە بارەی وردەكاری بابەتەكە ئاشكرای كرد، "لە نێو شاری هەولێرو قەزاکانی دەرووبەری 6 هەزار سەبەتەی خۆراك دابەش دەكرێت، هەزار و 500 سەبەتەی خۆراكیش بۆ سۆران ، چۆمان، مێرگەسۆر و رواندز دەبێت، هەروەها 500 سەبەتەش بۆ شاری كۆیە داندراوە".
یوسف چاوشین روونیشی كردەوە، هاوكارییەكە برنج و زەیت و دۆشاوی تەماتە لەخۆ دەگرێت.
لەبارەی چۆنیەتی دابەشكردنی خۆراكەكە، گوتی: "لیستی ناوەكان لە رێكخراو و كۆمەڵەی كەمئەندامان و خاوەن پێداویستیە تایبەتەكان وەرگیراوە، ئێمە خۆراكەكە بۆ ئەوان دەنێرێن و لیژنەی چاودێری ئێمەش بەشداری دابەشكردنەكەیە، ئەوەی شایستە نەبێت و كەمئەندام و كەمداهات نەبێت هاوكاریەكەی پێ نادرێت".
لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا حكوومهتی ههرێمی كوردستان سێ جار بە بەرفراوانی هاوکاری بەسەر خێزانەکان دابەش کردووە، جاری یەکەم سەبەتەی خۆراک بۆ 200 هەزار خێزان، جاری دووەم بڕی 100 هەزار دینار بۆ هەر خێزانێک بۆ 140 هەزار خێزان و دواجار سەبەتەی خۆراک بۆ 312 هەزار خێزان دابین کرد.
باسنيوز
