سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون: پلانمان هەیە هەلی كاری نوێ بڕهخسێنین
ئهمڕۆ شهممه 13/2/2021، عەبدولحەكیم خەسرەو، سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان رایگەیاند: "كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هەموو هەوڵێكی ئەوە بووە مووچە بەردەوام به فهرمانبهران و مووچهخۆران بدات، جووڵەی بازاڕ رانەوەستێت و نهختینهی پارە لە بازاڕەكاندا هەبێت و كاروكاسبی رانەوەستێت و خەڵكی نەك هەلی كار لەدەست نەدەن، بهڵكوو پلانمان هەیە هەلی كاری نوێش بە پێی پڕۆسەی فرەچەشنكردنی ئابووری دابین بكرێت و بڕهخسێنین".
باسی لە زیادكردنی داهاتی ناوخۆ كرد و گوتی:"حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە دوو ئاراستە توانیویهتی لاسەنگیی باری دارایی رابگرێت، ئەمەش لە رێگەی كەمكردنەوەی خەرجییەكان تا نزمترین ئاست و زیادكردنی داهاتەكان، بە مەرجێك باری سەرشانی هاووڵاتیان قورس نەبێت، لەم پێناوەشدا چاكسازیی لە كۆمەڵێك بوار و سێكتەری جیاجیا دەستی پێ كردووە".
سەبارەت بەو بوارانەی چاكسازی تێدا كراون، عەبدولحەكیم خەسرەو گوتی، جگە لە چاكسازیی لە بواری مووچە و خانەنشینی و چاكسازی لەو كەسانەی كە لە جارێك زیاتر سوودمەندن لە مووچە، بەشێكی لەوانە مووچەكانیان بڕدراوە و "دووبارە چاوخشاندنەوەمان بە سیستەمی ماف و ئیمتیازەكان دەست پێكردووە، لە رێگەی چاوخشاندنەوەی بە سیستەمی باج و دەركردنی كۆمەڵێك رێنوێنی و راسپاردەی نوێ و جێبەجێكردنی ماددە و بڕگەیەكی زۆر لە یاسای چاكسازی، پارەیەكی زۆر بۆ گەنجینەی حكوومەت گەڕایەوە ".
بەرپرسەكەی ئەنجوومەنی وەزیران، جەختیشی كردەوە، توانیویانە موڵكی گشتی بپارێزن و ڕێژه و قهبارهی داهاتەكانی بزانین و بە شێوەیەكی رێكوپێك كۆنتڕۆڵ و سەرپەرشتی بكرێت، ئەمە جگە لە داهاتی وەزارەتەكان كە هەر هەمووی دەخرێنەوە ناو گەنجینەی گشتی و بە سیستهمێكی تایبەت بۆ وەزارەتەكان تەرخان دەكرێتەوە".
باسنیوز
