ڕێبوار تاڵەبانی: لەم دۆخە سەربازییەدا ئەگەر هەڵبژاردن لە كەركووك بكرێت كورد زیانمەند دەبێت
لەمبارەوە ئەمڕۆ شەممە 13/2/2021، ڕێبوار تاڵەبانی، چاودێری سیاسی و سەرۆكی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، ڕایگەیاند: "ئێستا نێوماڵی شیعە لە عێراق كێشەی زۆریان هەیە، یەكتریش تۆمەتبار دەكەن و ئەوەش دیارە كە مەبەستیانە دۆخەكە بەمشێوەیە بمێنێتەوە، لە عێراق هەڵبژاردن بكرێت یان نەكرێت، زۆربەی پێشبینییەكان بۆ ئەوە دەچن كە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق لەو كاتەی كە دیاری كراوە بەڕێوە ناچێت و زۆرینەی هێزە شیعەكانیش هەر لەگەڵ ئەوەن كە هەڵببژاردنەکە نەكرێت".
گوتیشی: "ئەگەر لە مانگی ئۆكتۆبەری داهاتوودا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بكرێت، بۆ كورد لەم بارودۆخەدا بە هەموو شێوەیەك باش نییە، چونكە كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی تر لە بارودۆخێكی نادەستوری و نایاساییدایە و ماددەی 140 جێبەجێ نەكراوە و دوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017ش لە ناوچەكە بارودۆخی عەسكەرتایەت هەیە، واتە ئازادی بوونی نییە، بۆیە هەڵبژاردن هیچ واتایەكی نابێت، پێش ئەوەی بكرێت پێویستە بارودۆخەكەی ئاسایی بكرێتەوە، بەڵام لەم بارودۆخەدا هەموو حزبە كوردستانییەكانیش تێكڕا دان بە هیچ هەڵبژاردنێكدا نانێن کە بەبێ جێبەجێكردنی دەستوور بکرێت".
ڕێبوار تاڵەبانی روونیشی كردەوە: "هەموو حزبە كوردستانییەكان لەگەڵ جیاوازی بۆچونیان، هەتا بارودۆخی دەستووری و عەسكەرتارێتی تێدا نەمێنێت، دان بە هەڵبژاردنێكی بەو شێوەیەدا نەنێن و بۆ ئەوەی تۆماری بكەن لە تۆماری مێژوودا و بڵێن هەڵبژاردن لەو بارودخەدا بووە و ئەگەریش كرا، كورد ئیتر كورسییەكانی جاران ناهێنێتەوە و زیان دەكات".
باسنیوز
