لە دهۆک 12 تووشبووی کۆرۆنا لەژێر ئامێری هەناسەدانی دەستکرددان

لە دهۆک 12 تووشبووی کۆرۆنا لەژێر ئامێری هەناسەدانی دەستکرددان
لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان رۆژی هەینی 2021/02/12 زۆرترین ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و مردن لە پارێزگای دهۆک بووە و 12 تووشبوویش لەژێر ئامێری هەناسەدانی دەستکرددان. گوتەبێژی تەندروستیی پارێزگاکە دەڵێت، پشکنین زۆرە و خەڵکیش پابەند نییە.

هەمزە رەزکی، بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستیی دهۆک راگەیاند: "هۆکاری زۆربوونی تووشبووان بە کۆرۆنا لە سنووری پارێزگای دهۆک بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە کە خۆی لە پابەندنەبوونی هاونیشتمانییان بە رێکارەکان و زیادبوونی ژمارەی پشکنینەکان دەبینێتەوە. ئەمڕۆ 24 تووشبووی کۆرۆنا ئۆکسجینیان لەسەرە و 12 تووشبووش لەژێر ئامێری هەناسەدانی دەستکر دان و تەندروستییان ناجێگیرە."

بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی 10ی شوبات 34 تووشبوو، 11ی شوبات 16 تووشبوو و 12ی شوبات 42 تووشبوو لە سنووری پارێزگای دهۆک تۆمار کراون. ئێستا لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان زۆرترین تووشبوو لە دهۆکن.

هەمزە رەزکی دەڵێت: "لە سنووری پارێزگای دهۆک ژمارەی پشکنینەکان زیاد بووە. ئەوە هۆکارێکی زیادبوونی ژمارەی تووشبووانە لە دهۆک کە 10ی شوبات هەزار و 502 پشکنین، 11ی شوبات هەزار و 864 پشکنین و 12ی شوبات دوو هەزار و 339 پشکنین لە سنووری پارێزگای دهۆک کراون."

هەروەها لە دوو رۆژی رابردوودا هیچ کەسێک بە کۆرۆنا نەمردووە، بەڵام رۆژی هەینی 2021/02/12 لە دهۆک دوو کەس و لە سلێمانییش کەسێک بە کۆرۆنا مردوون.

بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستیی دهۆک گوتیشی: "پابەندیی هاووڵاتییان بە رێكارەکانی خۆپارێزی لە پارێزگاکە زۆر کەمبووەتەوە. لە بازاڕدا ژمارەیەکی کەم نەبێت، کەس نابینیت دەمامک ببەستێت و پابەندی خۆپارێزی بێت."

بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆناوە لە 2020/03/01ـەوە تاوەکو رۆژی هەینی 2021/02/12، 106 هەزار و 719 کەس تووشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیە 102 هەزار و 41 کەسیان چاکبوونەتەوە و سێ هەزار و 492 کەسیان مردوون.

لە پارێزگای دهۆک 35 هەزار و 804 کەس تووشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیە 34 هەزار و 750 کەسیان چاکبوونەتەوە، 723 تووشبوویش مردوون.
rudaw -
Top