لە شنگال میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لەبری كشانەوە نماییشی سەربازی دەكەن

لە شنگال میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لەبری كشانەوە نماییشی سەربازی دەكەن
قایمقامی قەزای شنگال ئاشكرای کرد ئەمڕۆ پێنجشەممە ١١ی شوباتی ٢٠٢١، میلیشیاكانی حەشدی شەعبی هێزی زیاتریان بۆ نێو شنگال بردووە و نماییشی سەربازییان كردووە، ئەمە لە كاتێكدایە دەبوو بەپێی رێككەوتنەكەی هەولێر و بەغدا، هێزەكانی دەرەوەی یاسا لە شنگال بكشێنەوە.

لەمبارەوە مەحما خەلیل، قایمقامی شنگال، ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ پێنجشەممە حەشدی شەعبی هێزی زیاتری بۆ ناو قەزای شنگال هێناوە و هەر ئەمڕۆ لە شارەكە نماییشێكی سەربازییان بەڕێوە بردووە".

لەبارەی ئەوەی بەپێی رێككەوتنەكەی هەولێر و بەغدا بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال دەبوو هێزە میلشیاكان لە شنگال دەربكرانایە كەچی هێزی زیاتر بۆ قەزاكە دێنن، مەحما خەلیل، گوتی: "دیارە نایانەوێ رێككەوتنەكە جێبەجێ بكرێت و حەشدی شەعبی هێزی زیاتر دێنێت بۆ شنگال".

لە مانگی ئۆكتۆبەری رابردووەوە هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ بە چاودێری و ئامادەبوونی نوینەری نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق، لەبارەی شنگالەوە لەسەر چەند خاڵێك ڕێك كەوتوون كە دیارترینیان چۆڵكردنی شارەكەیە لە میلیشیا و هێزە چەكدارییە نایاساییەكانی دەڤەرەكە، بەڵام تاوەكوو ئێستا لایەنی عێراقی هیچ هەنگاوێكی بۆ جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامەكە نەناوە و ئاوارەكانیش نەگەڕاونەتەوە شنگال.












باسنیوز


Top