پارێزگاری سه‌پێنراوی كه‌ركووك تا ئێسته‌ به‌ ده‌م بانگهێشتی لیژنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی عێراقه‌وه‌ نه‌چووه‌

پارێزگاری سه‌پێنراوی كه‌ركووك تا ئێسته‌ به‌ ده‌م بانگهێشتی لیژنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی عێراقه‌وه‌ نه‌چووه‌
ئه‌و لیژنە پەرلەمانییه‌ی عێراق كە پێك هێنراوە بۆ چارەسەری كێشەی زەویوزاری كەركووك، نزیكه‌ی مانگێكه‌ بانگهێشتی پارێزگاری سەپێندراوی كەركووك و بەڕێوەبەری كشتوكاڵی كەركووكی كردووە، بەڵام هێشتا نه‌چوونه‌ته‌ لای لیژنه‌كه‌.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 11/2/2021، جەمال شكور، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق و ئەندامی لیژنە پەرلەمانییەكەی عێراق، ڕایگەیاند، بەهۆی ئەوەی ماوەیەكە پەرلەمان سەرقاڵی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراقە، بۆیە لەم ماوەیە كۆبوونەوەی لیژنە پەرلەمانییەكەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ چارەسەری كێشەی زەویوزاری كەركووك نەكراوە و دوایین كاری لیژنەكە ئەوە بووە كە داوامان لە فەرماندەی پرۆسە هاوبەشەكانی كەركووك كردبوو هەموو رێكارێك ڕابگرن و دەستتێوەردان لە پرسی زەویوزار لە كەركووك نەكەن.

لەبارەی ئەوەی بانگێشتی راكان جبوری، پارێزگاری سەپێندراوی كەركووك و زوهێر عەلی بەڕێوەبەری كشتوكاڵی كەركووكیان كردبوو بۆ پەرلەمانی عێراق، ئەو پەرلەمانتارە، گوتی، هێشتا ئەوان ئامادە نەبوونە و ئێمە بەرنامەیەكمان داناوە و دەبێت كارەكانمان بە ئەنجام بگەیەنین و كۆبوونەوەكانیشمان بەردەوام دەبێت.

ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە عەرەبە هاوردەكان بە پاڵپشتی پارێزگاری سەپێندرای كەركووك و میلیشیاكانی حەشدی شەعبی، هەر جارە و هەڵدەكوتنە سەر گوندێكی كوردانی سنووری پارێزگای كەركووك بەمەبەستی داگیركردنی زەویوزاری كورد و لە هەندێك ناوچەش زەویوزاری كوردیان داگیر كردووە و ئەوەش زۆر جار رووبەڕووبوونەوەی لە نێوان خاوەنی رەسەنی زەوییەكان كە جووتیارە كوردەكانن و عەرەبە هاوردەكان دروست كردووە بەتایبەت لە سنووری قەزاكانی دوبز و داقووقی سەر بە پارێزگای كەركووك و ماوەیەكیشە پەرلەمانی عێراق لیژنەیەكی پێك هێناوە بۆ چارەسەری كێشەی زەویزاری كەركووك، بەڵام هێشتا نەگەیشتوونەتە ئەنجامی كۆتایی.













باسنیوز

Top