لە سلێمانی تۆمەتبارێک دەستگیرکرا ھەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنەی لە کچێک کردبوو
لە راگەیاندراوێكدا، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئاشكرایكرد، "دوای ئەوەی کچێک سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمەتبارێک بەناوی (م. ز. ح لەدایکبووی 1975) تۆمارکرد، کە ھەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنەکانی لێکردبوو؛ ئەگەر بڕێک پارەی پێ نەدات، ئەو تۆمەتبارە پێشتریش بەھەمان ھۆکار بڕی پێنج ملیۆن دیناری لەو كچە سەندبوو، ھێزەکانی پۆلیس لێکۆڵینەوەکانیان دەستپێکرد و زانیاری پێویستیان لەسەر تۆمەتبارەکە کۆکردەوە، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، توانرا لەماوەیەکی کەمدا تۆمەتباری ناوبراو بدۆزرێتەوەو لەلایەن مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی سەیوانەوە دەستگیر بکرێت".
ھەر لە راگەیاندراوەكەدا ھاتووە: "لەکاتی لێکۆڵینەوەدا، تۆمەتبارەکە دانی بەتاوانەکەیدا ناوە و ئێستا بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە و بەپێی ماددەی (2) لە یاسای خراپ بەکارھێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوەکان لەگەڵیدا بەردەوامن".
k24 -
