له‌ژێر چاودێریی سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان پڕۆژه‌یه‌كى كاره‌با ده‌كرێته‌وه
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 10/2/2021، وه‌زاره‌تى كاره‌باى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، ڕاگهیاندروێكى له په‌یجى فه‌رمیی خۆى، له تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تیی (فه‌یسبووك) بڵاو كردووه‌ته‌وه، تێیدا ئاماژه به‌وه دراوه، سبه‌ى پێنجشه‌ممه له‌ژێر چاودێریی مه‌سرور بارزانى، سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و بە هاوكاریی ڕێكخراوی (جایكا)ی ژاپۆنى، پڕۆژەی مینی سكادا-ڤۆیپ، له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی كۆنترۆڵى كاره‌با ده‌كرێته‌وه.
ئه‌وه‌ش خراوه‌ته ڕوو، پڕۆژەی مینی سكادا-ڤۆیپ، لە ڕێگەی كۆمپانیای (USLUEL-USKOM J.V) به تێچووى پێنج ملیۆن و هه‌شت هه‌زار و 432 یۆرۆ جێبه‌جێ كراوه.
وه‌زاره‌تى كاره‌با ڕوونیشى كردووه‌ته‌وه، بنیاتنانی پڕۆژەی مینی سكادا-ڤۆیپ، ڕۆڵێكی گرنگی بۆ كۆنترۆڵ و ئیشپێكردن و چاودێریی تۆڕی كارەبای هەرێمى كوردستان دەبێت، هه‌روه‌ها ڕۆڵى له گواستنەوەی داتا و زانیاری و پەیوەندیكردن لەنێوان وێستگە سەرەكییەكان و كۆنترۆڵی ناوەندی ده‌بێت.
باسنيوز
