لە رووداوێکی هاتووچۆدا لەسەر رێگەی هەولێر - کۆیە کەسێک گیانی لەدەستدا
فازڵ حاجی، گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر دەڵێت، رووداوەکە بەشێوەیەک بووە کە بارهەڵگرێکی گەورە هەوڵی داوە بارهەڵگرێکی دیکە تێپەڕێنێت کە هەردووکیان بەرەو کۆیە دەچوون، بەبێ ئەوەی خوێندنەوە بۆ سایدی هاتن بکات بۆ ناو شاری هەولێر، لەوکاتەشدا تاکسیەک و فۆردێکی تایبەت کە لەدوای یەکەوە بوون و بەرەو ناو هەولێر دەچوون، بەهۆی ئەو بارهەڵگرەی کە ویستوویەتی تێپەڕاندن بکات، رێگایان لێ داخراوە و تاکسییەکە راستەوخۆ خۆی کێشاوە بە بارهەڵگرەکە، بەڵام فۆردەکە توانیویەتی تاڕاددەیەک دەربازی ببێت و بە سووکی تووشی پێکدادان بووە.
لە ئەنجامی رووداوەکەش شۆفێری تاکسییەکە گیانی لەدەستداوە و سێ کەسی دیکەش کە سەرنشین بوون، زامدار بوون و زیانێکی زۆری ماددیش کەوتووەتەوە.
گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر دەڵێت، رێگەی هەولێر - کۆیە رێگەیەکی تاکساید و "جەنجاڵە و بەرزی و نزمییەکی زۆر و پێچی زۆری تێدایە، ئاستی سەلامەتیی باش نییە".
فازڵ حاجی دەڵێت "پێویستە لەسەر شۆفێران لەکاتی بەکارهێنانی ئەو رێگەیە زیاتر هۆشیاربن و لەو شوێنانەی تێپەڕاندن قەدەخە کراوە، ئەو مانۆڕە ئەنجام نەدەن، چونکە دەرەنجامی خراپی دەبێت و هەورازە نەفتیش یەکێک لەو شوێنانەیە کە مانۆڕی تێپەڕاندنی تێدا قەدەخە کراوە و چەندین هێماش دانراوە".
rudaw -
