خۆپیشاندەران نووسینگەی پەرلەمانی عێراقیان لە كەركووك داخست

خۆپیشاندەران نووسینگەی پەرلەمانی عێراقیان لە كەركووك داخست
ماوەی دوو رۆژە لەسەر یەك دەرچوانی كۆلێژە ئەندازیارییەكانی كەركووك، لەبەردەم نووسینگەی كەركووكی پەرلەمانی عێراق خۆپیشاندان دەكەن و ئەمڕۆ بە زۆر چوونە ناو باڵەخانەی نوسینگەكەوە و دایان خست.

ئەمڕۆ سێشەممە 9/2/2021، جەمال شكور، پەرلەمانتاری یەكێتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێرا ڕایگەیاند: "دەرچوانی كۆلێژە ئەندازیارییەكان دەمێكە داوای دامەزراندن دەكەن، بەشێكیان بە شێوەی گرێبەست پێشتر لە كۆمپانیای نەوتی باكوور دامەزرابون و ئێستاش داوا دەكەن دابمەزرێن و بكرێن بە هەمیشەیی، بەڵام عێراق بە دۆخێكی ئاڵۆز و ناهەمواری دارایی و ئەمنیدا تێدەپەڕێت وێڕای ئەوەش ئێمە هەوڵمان داوە كە شتێكیان بۆ بكرێت".

لەبارەی ئەوەی ئەمڕۆ جارێكی تر ئەو دەرچوانە خۆپیشاندانیان كردووەتەوە و بە زۆر چونەتە ناو نووسینگەی كەركووكی پەرلەمانی عێراقەوە جەمال شكور، گوتی: "توندوتیژی خزمەتیان ناكات و من دوێنێ قسەم لەگەڵیان كرد و ناكرێت پەلە بكەن و دامەزراندن لە دەستی ئێمە نییە، بەڵام ئێمە هەوڵ دەدەین كە بە گوێرەی توانا دابمەزرێن".













باسنیوز

Top