مەسرور بارزانی: ئامانج لە چاکسازی پاراستنی مافی خەڵکی شایستەیە
ئەمڕۆ دووشەممە 8ی شووباتی 2021 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی کۆبووەوە و گفتوگۆ دەربارەی هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین، ئیمتیازاتەکان و خانەنشینی لە وەزارەت و دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتیکردەوە، چاکسازی پرۆسەیەکی بەردەوامە و سەرجەم کەرتەکان دەگرێتەوە، "حکومەتی هەرێمی کوردستانیش سوورە لەسەر درێژەدان بە چاکسازیی کارگێڕیی و دارایی و نەهێشتنی گەندەڵی و بەفیڕۆدانی سامانی گشتی".
لە کۆبووەنەوەکەدا عەبدولحەکیم خەسرەو، سکرتێری لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیی خستەڕوو. پاشان وەزیرە پەیوەندیدارەکان بەپێی تایبەتمەندی راپۆرتی خۆیان سەبارەت بە بەرەوپێشچوونەکانی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، بە ژمارە و زانیاریی پێویست پێشکەش کرد، کە تایبەت بوو بە بابەتەکانی پەیوەندیدار بە مووچە، ئیمتیازات، خانەنشینی، رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و نەهێشتنی رۆتین لە فەرمانگە و دامودەزگەکانی حکومەتدا.
بەپێی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاردراوە ژمارەیەک راسپاردە بخرێنە بەردەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بە مەبەستی تەواوکردنی هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی.
rudaw -
