لە گوندێک لە ئێران 120 کچی تەمەن خوار 18 ساڵ بە مێرد دراون
لەمبارەوە عەزیم ئەکبەری داواکاری گشتیی شاری "نەمین" ئاشکرای کردووە پاش سکاڵای هاووڵاتییان لەمبارەوە چەندین کەس لە پێوەندی لەگەڵ بەشوودانی ١٢٠ کچی منداڵ لە گوندی "ئابی بیگلو"ی سەر بەو شارە دەستگیر کراون.
ئاماژەی بەوەش کردووە لەو دۆسیەدا مەلایەک و هەموو تۆمەتباران لەو گوندە بە تۆمەتی بەشوودانی کچانی خوار تەمەن ١٨ ساڵ دەستگیر و ڕەوانەی گرتووخانە کراون.
داواکاری گشتیی شاری نەمین ئاماژەی بە تەمەنی ڕاستەقینەی کچەکان و ژمارە ئەو کەسانە نەکردووە کە دەستگیر کراون، بەڵام ئاماژەی بەوە کردووە کە دوو نووسینگەی تۆماری هاوسەرگیری بەهۆی ئەو دۆسیەوە داخراون.
پرسی هاوسەرگیریی منداڵان و بەتایبەت کچان لە ئێران لە ساڵانی ڕابردوودا زۆر پەرسەی سەندووە و بووەتە بابەتێکی جێگەی مشتومڕ.
لە ساڵانی ڕابردوودا هەندێ لە پەرلەمانتارانی ژن لە پەرلەمانی ئێران هەوڵیان دا کە تەمەنی یاسایی هاوسەرگیری لە یاساکانی ئێراندا بگۆڕن، بەڵام زۆرێک لە پەرلەمانتاران و مەلا و ئایەتوڵا و کەسایەتییە مەزهەبییەکانی ئێران ڕووبەڕووی ئەو هەوڵە بوونەوە.
لەم پێوەندییەدا پرۆژەیاسای (پێشگیری لە هاوسەرگیری لەگەڵ منداڵان) ساڵی ٢٠١٩ لە لیژنەیی یاسایی پەرلەمانی ئێران ڕەت کرایەوە.
بەپێی بنەماکانی شەرعی ئیسلام کە یاساکانی ئێرانی لەسەر بنیات نراوە، کچ لە تەمەنی ٩ ساڵی و کوڕانیش لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا پێ دەگەن.
کە ئەم یاسایە پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە پاراستنی مافی منداڵانە و لە ساڵانی ڕابردوودا ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ لەمبارەوە ڕەخنەی زۆریان لە یاساکانی ئێران گرتووە.
باسنيوز
