ئاگر لە وێستگەی کارەبای سۆران کەوتەوە؛ چەند شارۆچکەیەک بێکارەبا دەبن

ئاگر لە وێستگەی کارەبای سۆران کەوتەوە؛ چەند شارۆچکەیەک بێکارەبا دەبن
بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای سۆران رایگەیاند، بەهۆی گڕگرتنی بگۆڕێکی نێو وێستگەی کارەبای سۆران، کارەبای سنووری قەزای سۆران، چۆمان، مێرگەسۆر و رواندز کوژاوەتەوە، بگۆڕێکی وێستگەکەش بەتەواوی سووتاوە.

فەیسەڵ حوسێن، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای سۆران راگەیاند، "ئێوارەی ئەمڕۆ وێستگەی کارەبای سۆران، کە سێ محاویلەی پاوەر ترانسفۆرمەری هەیە، یەکێک لە بگۆڕەکانی وێستگەکە تەقیوەتەوە و ئاگری گرتووە، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە ئاگرەکەیان کۆنترۆڵکرد، بەڵام دانیشتووانی سنووری قەزای سۆران، چۆمان، مێرگەسۆر و رواندز کارەبایان بڕاوە."

فەیسەڵ حوسێن ئاماژەی بەوەشکرد، "بەهۆی سووتان و تەقینەوەی یەکێک لە سێ بگۆڕەکانی وێستگەکە کێشەی پێدانی کارەبا بۆ قەزای سۆران بە سەرجەم ناحیەکان و چۆمان دروست بووە، لەکاتی ئاسایی بوونەوە و پێدانی کارەبا کاژێرەکانی پێدانی کارەبایان کەم دەکات، چونکە بەهۆی تەقینی بگۆڕێکەوە ناتوانین وەکو جاران کارەبایان پێ بدرێت".

هەروەها لەبارەی بەشەکارەبای قەزاکانی مێرگەسۆر و رواندز، فەیسەڵ حوسێن رایگەیاند، قەزاکانی مێرگەسۆر و رواندز بەهۆی کوژانەوەی وێستگەی کارەباکەوە کێشەیان بۆ دروست بووە، لەکاتی گەڕانەوەی کارەبا بۆ ناو هێڵەکانی دابەشکردنی کارەبا، ئەوان کێشەیان نابێت، چونکە کێشەی ئاگرکەوتنەوەکە لە محاویلەکەی ئەواندا نەبووە".

بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای سۆران دەشڵێت، تیمەکانیان لە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکە دان، دەیانەوێت دوو بگۆڕەکەی دیکە کار پێ بکەن، کە بەهۆی سووتانی وێستگەی (kv 132) یەکێکیان زیانی بەرکەوتووە و تەقیوەتەوە.
rudaw -
Top