نێچیرڤان بارزانی بۆ پزیشکە داهێنەرەکە: شانازیت پێوه‌ ده‌که‌ین

نێچیرڤان بارزانی بۆ پزیشکە داهێنەرەکە: شانازیت پێوه‌ ده‌که‌ین


نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ د. ئازاد نەجاڕ پزیشکی داهێنەری دڵی دەستکرد لە جیهان کۆبووەوە و پێیگوت " بەڕێزتان و هەموو داهێنەرانی کوردستان شانازیین بۆ گەلی کوردستان، شانازیت پێوه‌ ده‌که‌ین."

رۆژی یەکشەممە 07-02-2021 نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان پێشوازى لە د. ئازاد نەجاڕ کرد، کە لە داهێنانێکى ناوازەدا، دڵێکى دەستکردى سەرکەوتووى دروستکردووە.

بەپێی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا، نێچیرڤان بارزانى، دەستخۆشى لە دکتۆرەکە کرد و داهێنانەکەى "بە خزمەتێکى مەزن بۆ مرۆڤایەتى و داهاتووى پزیشکى لە قەڵەم دا، کە دەتوانێت ژیانى هەزارەها مرۆڤ بگۆڕێت". سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەموو پشتگیرییەکى خۆیشى بۆ سەرخستنى هەر پڕۆژەیەکى دیکەى داهاتووى دووپاتکردەوە و گوتیشی "بەڕێزتان و هەموو داهێنەرانى کوردستانى لە هەرکوێ بن مایەى شانازیین بۆ گەلى کوردستان، شانازیت پێوه‌ ده‌که‌ین."

د. ئازاد نەجاڕ سوپاس و پێزانینى خۆى بۆ پشتیوانى نێچیرڤان بارزانى دەربڕى و هیواى خواست داهێنانەکەى خزمەتێک بە بوارى پزیشکى بکات و بتوانێت لە داهاتوودا ئامێر و دەزگە و داهێنانى نوێ لەو بوارەدا بەدیبهێنێت.


نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان و د. ئازاد نەجاڕ کە خاوەنی دڵی دەستکردە نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان و د. ئازاد نەجاڕ کە خاوەنی دڵی دەستکردە


د. ئازاد نەجاڕ تەمەنى 53 ساڵە و خەڵکى زاخۆیە، لە سوێد پزیشکە و توانى دواى 20 ساڵ کارکردنى بەردەوام دڵى دەستکرد دروست بکات، هەروەها خاوەنى دەیان داهێنانى دیکەیە لە بوارەکانى پارچەى دەستکرد و ئامێرى نەشتەرگەرى و بڕوانامەى پارێزراوى داهێنانەکانیشى پێبەخشراوە.

د. ئازاد نەجاڕ بەشداریی بووڵتەنێکی هەواڵە تەندروستییەکانی کرد و ئەمەش دەقی هەڤپەیڤینەکەیەتی.

k24 -
Top