جیا لە عێراق، هەرێمی کوردستان ڤاکسینی کۆرۆنا دەکڕێت

جیا لە عێراق، هەرێمی کوردستان ڤاکسینی کۆرۆنا دەکڕێت
لیژنەیەکی زانستی و پسپۆڕی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان گفتوگۆ لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنانی ڤاکسین دەکەن بۆ ئەوەی جیا لەو بڕە ڤاکسینەی لە عێراق وەریدەگرن، ڤاکسینی کۆرۆنا بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکەن. سەرۆکی لیژنەکەش گوت، "گەشبینین" بۆ دەستخستنی ڤاکسینی کۆرۆنا.

د. ئارام رۆستەم عەبدوڵڵا، راوێژکاری وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی لیژنەی زانستیی دابینکردنی پێکوتەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان گوت، لەگەڵ نوێنەری کۆمپانیاکانی فایزەری ئەمریکی و ئەسترازینکای سوێدی - بەریتانی کۆبوونەتەوە.

لیژنەکەی وەزارەتی تەندروستی لەگەڵ نوێنەری کۆمپانیاکان کە بەرپرسن لە دابەشکردنی ڤاکسین لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆبوونەتەوە، د. ئارام دەڵێت "یاداشتی لێکتێگەیشتنیان بۆ رەوانە کردووین، ئێمەش ئەوانە پێشنیازمان کردووە بۆ ئەوەی بچێتە ئەنجوومەنی وەزیران".

دوو ملیۆن و 470 هەزار ڤاکسین

لەبارەی ئەو بڕە ڤاکسینەی کە بڕیارە هەرێمی کوردستان لەو کۆمپانیایانەی بکڕێت، د. ئارام ئاماژەی بەوە کرد، بەو پێوەرەی کە هەیە دەبێت 20%ـی دانیشتووان بکوترێن کار دەکرێت بۆ کڕینی بڕی ڤاکسینەکە کە پێی دەڵێن کۆڤاکس. "ئێستا 20%ـی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان کە ملیۆنێک و 234 هەزار کەسن. ئەگەر هەر کەسێک دوو ژەم ڤاکسینی پێبدرێت، دوو ملیۆن و 470 هەزار ژەمە ڤاکسین".

لەبارەی دەسەڵاتی لیژنەکە بۆ گفتوگۆ لەسەر ئەو بڕە، د. ئارام گوتی، "د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان رەزامەندی لەسەر ئەوە دەربڕیوە". سەبارەت بە گرێبەستەکان و کاتی واژۆکردنی گرێبەستەکان، ئەو راوێژکارەی وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوە کرد، "ئێمە لیژنەیەکی زانستین، ئەوە دەدرێتە دەست ئەنجوومەنی وەزیران و دەبێت ئەنجوومەنی وەزیران ئەو کارە بکات، بەڵام کەی، هێشتا دیار نییە".

ئەو لیژنەیەی کە گفتوگۆ لەگەڵ کۆمپانیاکان دەکەن لە 11 کەس پێکهاتوون و لە رێگەی ئۆنلاینەوە گفتوگۆیان لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە کردووە. د. ئارام دەڵێت، "گەشبینین بە گفتوگۆکانمان و دەستخستنی ڤاکسین".

"نرخەکەی ئاشکرا ناکرێت"

لەبارەی نرخی ئەو ڤاکسینانە، د. ئارام رایگەیاند، "بەپێی ئەو لێکتێگەیشتنانەی هەن نابێت نرخ ئاشکرا بکرێت، تەنیا لە دەستی ئەنجوومەنی وەزیراندا". ڤاکسینی کۆرۆنا پێویستی بە جێگەی تایبەتە بۆ هەڵگرتن کە هەندێکیان دەبێت لەژێر پلەی 70ـی سیلیزی هەڵبگیرێن. د. ئارام گوتی "دەتوانین ئەو پێداویستییانە دابین بکەین و ئامادەکاریی بۆکراوە".

هاوکات د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستانیش راگەیاند، تاوەکو ئێستا لە قۆناخی گفتوگۆدان و هیچ گرێبەستێک نەکراوە. لەبارەی بودجەی پێویستیش، رایگەیاند، "ئەنجوومەنی وەزیران بودجەی پێویست دابین دەکات".

وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، هەرکاتێک ڤاکسین بگاتە هەرێمی کوردستان ئەوا رێنمایی تایبەتیان دەبێت بۆ ئەوەی کێ پێویستە سەرەتا ڤاکسینەکە وەربگرێت.

هاوکات د. ئاسۆ حەوێزی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لەبارەی گفتوگۆکانیان لەگەڵ کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی ڤاکسین راگەیاند، وەزارەتی تەندروستی گفتوگۆی لەگەڵ زۆر کۆمپانیای کردووە، وەکو: کۆمپانیای فایزەری ئەمریکی، سینۆفارمی چینی و ئەسترازینکای سوێدی - بەریتانی.

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوە دا، کۆمپانیای سینۆفارمی چینی وەکو پێشاندانی نیازپاکی و باشیی کوالێتی ڤاکسینەکانیان ئامادەیە پێنج هەزار ڤاکسین بێبەرامبەر بداتە هەرێمی کوردستان، رووداو بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە پەیوەندی بە کۆمپانیاکەوە کردووە، بەڵام وەڵامیان نەبووە.

لەبارەی ئەو بودجەیەی بۆی دابینکراوە گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند، تاوەکو ئێستا دیار نییە چەند بودجە بۆ ئەو مەبەستە تەرخاندەکرێت، چونکە هێشتا لە قۆناخی گفتوگۆن لەگەڵ کۆمپانیاکان، بەڵام مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پاڵپشتی تەواوی بۆ کڕینی ڤاکسین دەربڕیوە.

ئەوە لەکاتێکدایە بڕیارە لە مانگی ئادار وەزارەتی تەندروستیی عێراق دەست بە دابەشکردنی ڤاکسین بکات و پێشتر سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق رایگەیاندبوو: دوای گەیشتنی ڤاکسین بەپێی رێژەی دانیشتووان بەسەر هەموو پارێزگاکان و هەرێمی کوردستانیش دابەشدەکرێت.

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی لەبارەی ئەو ڤاکسینەی عێراق دەیکڕێت رایگەیاند: هەرێمی کوردستان لەو ڤاکسینە پشکی خۆی هەیە، بەڵام وەزارەتی تەندروستی لیژنەیەکشیان دروستکردووە بۆ ئەوەی خۆیان بتوانن ڤاکسین بکڕن و گفتوگۆ لەگەڵ کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی ڤاکسین بکەن. واتە کڕینی ئەو بڕە لە ڤاکسین پەیوەندی بەو بڕەوە نییە کە عێراق دەیداتە هەرێمی کوردستان.

"هاووڵاتیان پابەندی رێنماییەکان بن"

د. ئاسۆ حەوێزی هۆشداری دایە هاووڵاتیان لەبارەی پابەندبوون بە رێکارەکانی تەندروستی و خۆپارێزی لە کۆرۆنا و رایگەیاند: "دیار نییە کەی شەپۆلی سێیەم دەستپێدەکات، بەڵام دەبێت هاونیشتمانیان پابەندی رێکارە تەندروستییەکان بن، چونکە چەند زیاتر شەپۆلەکە دووربخرێتەوە باشترە".

بەپێی دوایین ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، 106 هەزار و 457 تووشبووی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون کە 101 هەزار و 587 کەسیان چاکبوونەتەوە.
rudaw -
Top