لە رۆژهەڵاتی کوردستان خۆکوشتن و کوشتن زیاد بوون

لە رۆژهەڵاتی کوردستان خۆکوشتن و کوشتن زیاد بوون
کێشە ئابوورییەکان و پشێویی کۆمەڵایەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستان رۆژبەڕۆژ کاریگەریی زیاتر لەسەر دەروونی گەنجان و ژیانی رۆژانەی خێزانەکان دادەنێت. رۆژانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا باس لە تووندوتیژی و کوشتنی نێو خێزان بە بیانووی پاراستنی نامووس لە لایەک و کۆتاییهێنان بە ژیان و خۆکوشتنی گەنجانیش بەهۆی نەبوونی و شێوانی باری دەروونییەوە لە لایەکەوە دەکرێت.

بەهار عەباسی، رۆژنامەڤانە و دەڵێت: "بەدواداچوون بۆ کوشتنی نامووسی دەکەم. ئەو کچانە بە شیوەیەکی زۆر خراپ مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، هەموویان ئەزموونی تووندوتیژیی خێزانییان هەبووە."

بەپێی ئاماری رێکخراوی خۆشبژێویی ئێران، پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان، هەمەدان، خووزستان و لوڕستان لە رووی رێژەی خۆکوشتنی گەنجانەوە لە پلەکانی یەکەمی پارێزگاکانی ئێراندان.

لە مانگی کانوونی دووەمی 2021مدا رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەر پێنج پارێزگای ئیلام، لوڕستان، کرماشان، سنە و ورمێ 21 کەسیان تۆمار کردووە کە کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

هەروەها رێژەی تووندوتیژیی خێزانی و کوژرانی ژنان و کچان بە دەست برا، باوک و مێردەکانیانەوە گەیشتووەتە 13 کەس.

بەهار عەباسی دەڵێت: "ئەم ماوەیە هەر کوشتن بە بیانووی نامووس زۆر نەبووە، بەڵکو خۆکوژییش زۆر بووە. خەڵک لە رووی دەروونی و رۆحییەوە لەژێر فشاردایە. لە رۆژهەڵاتی کوردستان پیاوان زیاتر کاریان لە دەست داوە کە پێشتر لە سەر سنوورەکان کاریان دەکرد کە ئێستا سنوورەکان داخراون و بێکار بوون."

مەجید ئەبهەری، پسپۆڕی زانستە دەروونناسییەکان دەڵێت، خەمۆکیی گەنجان لە شوێنی ژیانیاندا کە لە باری خراپی خێزانی و نەبوونی دۆخی ئابووریی باشی خێزانەکانەوە سەرچاوە دەگرێت، بووەتە هۆی بێهیواییان بە ژیان.

لە ماوەی مانگی کانوونی دووەمی 2021ـدا چەند کەیسی گەورەی کوشتنی خێزانی لە پارێزگاکانی ورمێ، ئیلام و کرماشان بە بیانووی پاراستنی نامووس و هەروەها بەهۆی خراپیی باری ئابووریی خێزانەوە روویان دا کە کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە.

دوایەمین کەیسیش کوژرانی ژنێکە لە ناوچەی برادۆستی ورمێ بە دەست باوک و براکەیەوە کە رۆژی چوارشەممە 2021/02/03 روویداوە. کاردانەوەی ئەو جۆرە هەواڵانە بووەتە هۆی زیانی کۆمەڵایەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و دیار نییە خاڵی چارەسەری ئەو کێشانە لە کوێیە.
rudaw -
Top