منداڵێکی کورد بۆ باڵندە مردووەکەی دەگریت: تخوا هەستە چاوەکانت بکەوە

منداڵێکی کورد بۆ باڵندە مردووەکەی دەگریت: تخوا هەستە چاوەکانت بکەوە

منداڵێکی تەمەن 9 ساڵ بە گریانەوە بۆ ئەو باڵندەیە دەگری کە زیاتر لە هەشت مانگە بەخێوی کردووە و لەگەڵ خۆیدا بۆ هەموو شوێنێکی بردووە. ئەو منداڵە ئێستا باڵندەکەی مردووە و لە ڤیدیۆیەکدا کە بۆ رووداو نێردراوە بەدەنگێکی بەرز و بە گریانەوە دەڵێت "زەردە گیان توخوا هەستە، چاوەکانت بکەرەوە."

دالیا عەبدولقادر، تەمەنی 9 ساڵە و پۆلی سێی بنەڕەتییە، ماوەی هەشت مانگ بوو باڵندەیەکی لە جۆری (غەندوور Bird Love) بەخێودەکرد، بەڵام باڵندەکەی رۆژی هەینی رابردوو دەمرێت و دواتر کە دەزانێ باڵندەکەی مردووە دەست بە گریان دەکات و بە دەنگی بەرز هاوار دەکات و دەڵێت "توخوا مەمرە زەردەگیان."

دالیا: زەردە حەزی لە قەفەس نەبوو، حەزی لە فڕین بوو

دالیا لە خۆشەویستی بۆ باڵندەکەی کە هەم رەنگی زەرد بووە و هەم خۆیشی حەزی لە رەنگی زەردە، ناوی باڵندەکەی ناوە "زەردە"، ئەو لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا و لە لێدوانێکیدا دەڵێت "زەردەم زۆر زۆر خۆشدەویست، قەت حەزم نەدەکرد جارێ بمرێ، چونکە زۆر خۆشم دەویست و بەردەوام لەگەڵمدا بوو."

ئەو کچە شەوانە باڵندەکەی هەر لای خۆی خەواندووە و هەندێکجاریش خستوویەتییە نێو قەفەسەکەی، بەڵام دالیا دەڵێت "زەردە نێو قەفەسی پێخۆشنەبوو، هەمیشە حەزی دەکرد لە باوەشم بێت و زۆریش حەزی دەکرد بفڕێت."

دالیا رۆژانە بەردەوام خزمەتی ئەو باڵندەیەی کردووە و خواردن و خواردنەوەی پێداوە. دایکی دەشڵێت "زەردە زۆر حەزی دەکرد سەری بخورێنم. بەڵام ئیدی ئەو نەما و جێیهێشتم."

لەبارەی ئەوەی دالیا دوای مردنی باڵندەکەی حەزدەکات باڵندەیەکی دیکەی هاوشێوە بکڕێتەوە؟ لە وەڵامدا گوتی "جارێ حەزناکەم باڵندەیەکی دیکە بکڕمەوە تاوەکو ئەو کاتەی زەردەم بیردەچێتەوە، باڵندەی دیکەش دڵنیام شوێنی ئەوم بۆ پڕناکاتەوە."




دایکی دالیا: خۆی و دوو خوشکی بۆ زەردە دەگریان

تارا قادر، دایکی دالیا باسی کڕینی ئەو باڵندەیە دەکات کە پێیان گوتووە ''زەردە''. باڵندەکە هەشت مانگ بەر لە ئێستا لەنێو بازاڕی سلێمانی بۆ دالیا کڕدراوە. دایکی دالیا راگەیاند ''زۆر بە زووی خۆشیویست و بەردەوام یاری لەگەڵدا دەکرد و بۆ هەر شوێنێک بڕۆشتینایە لەگەڵی بوو. هەرگیز لێی دانەدەبڕا و بەردەوام خزمەتی دەکرد. زەردە و دالیا وەک دوو هاوڕێی لێک دانەبڕاو بوون. بەڵام ئێستا دوای مردنی زەردە، دالیا هەست بە تەنیای دەکات."

دایکی دالیا باسی ئەو کاتە دەکات کە زانیویەتی باڵندەکە مردووە و دەڵێت "درەنگانی شەوی رابردوو (هەینی 05-02-2021) بوو کە ویستم بچم پشوو بدەم، لە پڕ گوێم لە دەنگی گریان بوو، چوومە ژوورێکەوە بینیم کە دالیا پڕ بە دەنگی هاوار دەکات دەگریت. لەگەڵ دالیاش دوو خوشکی کە یەکێکیان تەمەنی 23 ساڵە و ئەوەی دیکەش 13 ساڵە دەگریان. ئیدی کە ئەو دیمەنانەم بینی زانیم کە دالیا بۆ زەردە دەگریت و ئەوانیش لەگەڵ ئەودا دەستیان بە گریان کردووە. بۆیە هەر ئەو کات دەستم کرد بە تۆمارکردنی ڤیدیۆیەک و لای خۆم هەڵمگرت."

زەردە چۆن مردووە؟

دایکی دالیا باسی لەوە دەکات کە چەند رۆژێک بەر لە ئێستا چوونەتە ماڵی خوشکێکی خۆی، ئەوانیش باڵندەیەکی هاوشێوەیان هەبووە و لەوێ هەردوو باڵندەکە شەڕیان کردووە "دواتر کە هاتینەوە بۆ ماڵەوە زانیمان کە باڵندەکە بەهۆی ئەو شەڕەوە بێدەنگ و لاواز ببوو، دواتر هەرچەندە دەرمانیشمان بۆی وەرگرت، بەڵام سوودی نەبوو و مرد."

"دەزانم زەردە بەهەشتییە، ئەها لە رۆژی جومعەدا مرد"




لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دایکی دالیا ئاماژە بەوە دەدات، کە تاوەکو ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە دالیا زەردەی هەر لەگەڵدا بووە و "دڵی نەدەهات فڕێی بدات یاخود بیشارێتەوە، بۆیە دواتر بڕوامان بە دالیا هێنا کە لە ماڵ بیباتە دەرەوە." دەشڵێت "ئەم ئێوارەیە دالیا لە بەرامبەر ماڵی خۆمان زەوی بۆ هەڵکەندووە و شاردوویەتییەوە. ئێستاش دالیا سەیری ئەو ڤیدیۆیانە دەکات کە رۆژانە لەگەڵی تۆماری کردووە." دالیاش ئەوەیشی بە دایکی گوتووە "با قەبری بۆ هەڵکەنین و وەکو مردووەکان بینێژین."

دایکی بە پێکەنینەوە باسی لە قسەیەکی دالیا کرد کە بەدەم گریانەوە دالیا کردوویەتی و گوتوویەتی " دایکە دەزانم زەردە دەچێتە بەهەشتەوە، چونکە لە رۆژی جومعەدا مردووە."

برایەکی دالیا: سەرەتا وای زانی خەوتووە، نەیزانی مردووە

محەممەد عەبدولقادر، برای دالیایە و ئەویش لەبارەی مردنی زەردە و کاردانەوەی دالیا بەرامبەر مردنەکەی گوتی " دالیا سەرەتا کە زەردە مردبوو نەیزانی کە مردووە و دەیگوت خەوتە، ئەویش دڵی نەدەهات لە هەڵیبستێنێ لە خەو، بەڵام دواتر پێمانگوت کە ئەوە خەو نییە و مردووە."

ئەو برایەی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژە بەوە دەدات، کە کاتی خۆی زەردەیان بە 40 هەزار دینار لە "بازاڕی ژێر پردەکە" کە پەلەوەر و باڵندەی لێدەفرۆشرێت کڕیوە.

rudaw -
Top