لیژنەیەکی پەرلەمان: گومرگی ئیبراهیم خەلیل یەکێک لە باشترین گومرگەکانی هەرێمی کوردستانە

لیژنەیەکی پەرلەمان: گومرگی ئیبراهیم خەلیل یەکێک لە باشترین گومرگەکانی هەرێمی کوردستانە
سەرۆکی لیژنه‌ى كاروبارى ته‌ندروستى و ژینگه‌ و مافی بەکاربەر لە پەرلەمانی کوردستان داوای زیادکردنی لیژنەکانی چاودێری لە دامەزراوە و وەزارەتە پەیوەنددارەکان دەکات و جەختی کردەوە گومرگی ئیبراهیم خەلیل یەک لە باشترین گومرگەکانی هەرێمی کوردستانە کە بە شێوەیەکی باش ڕێک خراوە و تێیدا کاری قاچاخچێیەتی ئەستەم بووە.

بەختیار شوكری سلێمان، پەرلەمانتار و لیژنه‌ى كاروبارى ته‌ندروستى و ژینگه‌ و مافی بەکاربەر لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند: "داوایان لە وەزارەتە پەیوەنددارەکان کردووە ئەو لیژنانەی کە بۆ کۆنتڕۆڵی کاڵای نایاسایی و ماوەبەسەرچوو لە هەرێمی کوردستان هەن زیاتر بکرێن، تاکوو تەندروستیی هاووڵاتییان زیاتر پارێزراو بێت و ئێستا کاری قاچاخچێیەتی و هێنانی کاڵای ماوەبەسەرچوو لە سنوورەکانی هەولێر و دهۆک، ئیبراهیم خەلیل و حاجی ئۆمەران تا ڕادەیەکی باش ڕێگری لێ کراوە و ئەستەم بووە، بە شێوەیەک ئێستا گومرگی ئیبراهیم خەلیل لە هەرێمی کوردستان باشترین گومرگە لەڕووی پێناسی گومرگییەوە".

بەپێی زانیارییەکان، لە کاتی سەردانی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان و لە کاتی بەسەرکردنەوەی گومرگی ئیبراهیم خەلیل، سەرۆکوەزیران سەرسامیی خۆی نیشان دابوو بە ئاستی پێشکەوتن و ڕێکوپێکی کارەکان لەو گومرگە و گوتبووی: "دەبێت بکرێتە نموونە بۆ هەموو دەروازەکانی عێراق".

هەر سەبارەت بە پرسی کاڵای نایاسایی و قاچاخ، سەرۆکی لیژنەی کاروباری توندروستی و ژینگە و مافی بەکاربەر لە پەرلەمانی کورستان، نەیشاردەوە، کە کاڵای قاچاخ و نایاسایی تاکوو ئێستا لە هەرێمی کوردستان بە رێژەیەکی زۆر هەیە و پێویستی بە چاودێریی زیاترە و گوتی: "زۆربەی ئەو کاڵایانە لە سنوورەکانی ئێران و سلێمانییەوە هەناردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن، بەتایبەتی لە سنووری باشماخەوە و بۆ نەهێشتنی ئەو کاڵایانە دەبێت لە سنوورەکان و لە ناوخۆ لیژنەکانی چاودێری زیاتر بکرێن".











باسنیوز


Top