لە سبەینێوە کارتی بایۆمەتریی دەنگدەران گەڕەک بە گەڕەک دەگەینرێتەوە دەست دەنگدەران

لە سبەینێوە کارتی بایۆمەتریی دەنگدەران گەڕەک بە گەڕەک دەگەینرێتەوە دەست دەنگدەران
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بریاری دا بە شێوەی تیمی گەرۆك، کارتی بایۆمەتری دەنگدەران بگەیەنرێتەوە دەست خاوەنەکانیان ولە سبەی یەکشەممە دەست بەو پرۆسەیە دەکرێت.

عەبدولڕەزاق مشیر گۆران، سەرۆکی لقی ھەولیری کۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان، رایگەیاند: سبەی یەکشەممە 7/2/2021، لە رێگەی چەند تیمێکەوە بە شێوەی گەڕۆک دەست بە دابەشکردنەوەی کارتی بایۆمەتری دەکەین.

لە بارەی رێکارەکانیشه‌وه‌، گوتی تیمەکانی کۆمیسیۆن بەپێی بازنەکانی ھەڵبژاردن و بنکەکانی تۆماری بایۆمەتری بە ھاوکاریی موختاری گەڕەکەکان و پاسەوان کە وەزارەتی ناوخۆ بۆ ھەر تیمێک دیاری كردووه‌، دەست بە دابەشکردنی کارتەکان دەکرێت.

لە بارەی چۆنیەتی پێدانەوەی کارتی بایۆمەتری، گوتیشی: ئەو کەسەی کارتەکە وەردەگرێتەوە، بەراوردی ناسنامە و ژمارەی ناسنامەکەی و فۆڕمێکیشی پێ پڕ دەکرێتەوە، دواتر کە کارمەندەکە گەڕایەوە بنکە، دەبێت فۆڕمێک پر بکاتەوە و ژماره‌ی ئه‌و كارتانه‌ی دابه‌شی كردووه‌ و ئه‌و كارتانه‌ش ماونه‌ته‌وه‌ تۆمار بكات.

ئاشكراشی كرد، كه‌ نزیکەی 150 ھەزار کارتی بایۆمەتری لەو رێگەیەوه‌ دەگەڕێنرێنەوە و دەدرێنەوە دەنگدەران، بەڵام "پێویستمان بە کارمەند دەبێت و بەڵێنی دامەزراندنی کارمەندمان پێ دراوە".










باسنیوز

Top