رووفاتی 104 ئێزدی بەخاکدەسپێردرێن

 رووفاتی 104 ئێزدی بەخاکدەسپێردرێن
لە رێوڕەسمێكدا لە گوندی کۆچۆی سنووری شنگال رووفاتی 104 ئێزدی بە خاكدەسپێردرێن، كە لەلایەن چەكدارانی داعشەوە شەھید كراون.

پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، دوای هەوڵێکی زۆری حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، ناسنامەی 104 کەس لە قوربانیانی ئێزدی ئاشكرا كرا، کە لەسەر دەستی داعش شەهید کراون. ئەمڕۆ رێوڕەسمێکی تایبه‌ت بۆ گێڕانەوەی رووفاتەکانیان و دووبارە بە خاکسپاردنەوەیان لە گوندی کۆچۆ لە سنووری شنگال بەڕێوەدەچێت.

پەیامنێرمان ئاماژەی بەوەشکرد‌، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق و جینین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و کەریم ئەحمەدخان راوێژکاری تایبەت و سەرۆکی تیمی نەتەوە یەکگرتووەکانی تایبەت بە لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش و نوێنەرانی نێردە دیپلۆماسییەکان، ئامادەی رێوڕەسمەکە دەبن.

لە 3/8/2014 چەكدارانی داعش پەلاماری شنگالیان دا و داگیریان كرد، لەگەڵ گەیشتنیان بە شنگال ژمارەیەك لە ئێزدییەكانی شنگالیان شەھید كرد و ژمارەیەكی دیكەشیان رفاندن.

لە 13/11/2015 ھێزی پێشمەرگە بە سەرپەرشتی راستەوخۆی سەرۆك بارزانی شنگالی لە دەست چەكدارانی داعش رزگار كرد.








K24
Top