له كەركووك تا ئێستا فلتەر بۆ دووكەڵەكەی كارگەری چیمەنتۆی لەیلان دانەنراوە
ماوەیەكە كارگەی چیمەنتۆی لەیلان دووكەڵێكی زۆر دەكات، بەهۆی ئەوەی فلتەر بۆ ئەو كارگەیە دانەنراوە، وێڕای ئەوەی گردبونەوەیەكی ناڕەزایی بۆ چارسەركردنی ئەو بابەتە ئەنجام درا، بەڵام هێشتا بە چارەسەر نەكراوەیی ماوەتەوە.
ئارام قادر، كە چەند رۆژێك پێش ئێستا بەشداریی لە گردبونەوەیەكی ناڕەزایی لەبەردەم كارگەی چیمەنتۆی لەیلان كردبوو، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، ئێمە 19 رۆژ پێش ئێستا گردبونەوەیەكی ناڕەزاییمان سازدا بۆ ئەوەی فلتەر بۆ كارگەی چیمەنتۆی لەیلان دابنرێت، بەڵام ئەوە ماوەیەكی بەسەردا تێپەڕی هێشتا فلتەر بۆ ئەو كارگەیە دانەنراوە كە بەهۆیەوە دووكەڵێكی یەكجار زۆر دەكات.
گوتیشی، بەڕاستیی زۆری دووكەڵی ئەو كارگەیە جگە لەوەی خەڵكی لەیلان و گوندەكانی دەوروبەری بێزار كردووە هەروەها ژینگەی ناوچەكەی تاكوو كەركووكیشی پیس كردووە، بۆیە داواكارین لە بەرپرسانی كارگەكە كە هەرچی زووە فلتەر دابنێن بۆ ئەوەی ئەو دووكەڵە زۆرەی كارگەكە نەمێنێت، ئەگەر نا ئەوا خەڵكی ناوچەكە هەڵوێستی تریان دەبێت.
ناحییەی لەیلان بە دووری 19 كیلۆمەتر دەكەوێتە باشووری رۆژهەڵاتی شاری كەركووكەوە و كارگەی چیمەنتۆی لەیلانیش دەكەوێتە سەر ڕێگای نێوان كەركووك-لەیلان كە یەكێكە لە ناوبانگترین كارگەی چیمەنتۆی ناوچەكە.
باسنيوز
