ئومێد خۆشناو: لەمڕۆوە ڕێکارەکانى بوون بە پارێزگارى هه‌ولێر دەست پێدەکەم

ئومێد خۆشناو: لەمڕۆوە ڕێکارەکانى بوون بە پارێزگارى هه‌ولێر دەست پێدەکەم


ئومێد خۆشناو، بەربژێری پارتى دیموکراتى کوردستان بۆ پۆستى پارێزگارى هەولێر، ئاشكرای كرد، كه‌ له‌مڕۆوە ڕێکارەکانى بوونە پارێزگاری هه‌ولێر دەست پێدەكا و دووپاتی كرده‌وه‌ "هیچ کارێک ناکەم مایەى نیگەرانى بێت".

له‌ سه‌روه‌ختی ڕێوڕه‌سمی ڕێزگرتنی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ په‌رله‌مان له‌ پ.د. رزگار ڕه‌نجه‌ڕۆ، ئومێد خۆشناو، سەرۆکى فراکسیۆنه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، كه‌ تا "ئێستا سەرۆکى فراکسیۆنى پارتى دیموکراتى کوردستانم و ئەمڕۆ ڕێکارە یاساییەکان دەست پێدەکەین و سیڤیى خۆم پێشکەش دەکەم".

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، كه‌ وەزیرى ناوخۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش سیڤییەکە پێشکەش بە ئەنجوومەنى پارێزگاى هەولێر دەکات و دواى ئەوەى متمانە لە ئەنجوومەنى پارێزگاى هەولێر وەردەگیرێت، فەرمانەکە بۆ ئەنجوومەنى وەزیران بەرز دەکرێتەوە و پاشانیش لەلایەن سەرۆکى هەرێمى کوردستانەوە فەرمانى هەرێمى پێ دەردەچێت و سوێندى یاسایی دەخورێت.

لەبارەى سەرۆکایەتیی فراکسیۆنى پارتیش لە پەرلەمانى کوردستان، ئومێد خۆشناو گوتى: هەموو ئەندامانى فراکسیۆن شیاوى ئەوەن کە ببنە سەرۆکى فراکسیۆن و هیوا دەخوازم بەرلەوەى پۆستى پارێزگارى هەولێر یەکلایی ببێتەوە، پۆستى سەرۆکى فراکسیۆن یەکلایی دەبێتەوە.

باسی لەوەش کرد کە بە هۆی بارودۆخى ئێستا "نازانین بەرنامەى داهاتوومان بە گشتى چییە، بەڵام بەڵێن دەدەین کە هیچ كارێك ناکەین ببێتە مایەى نیگەرانیى خەڵکى کوردستان و هەولێر".





باسنيوز
Top