پرسی مامەڵەی راستەوخۆ لەگەڵ سلێمانی بووەتە مژاری لایەنە شیعەکان
ھاوپەیمانیی نەسری حەیدەر عەبادی پشتگیری لەو ھەنگاوە دەکەن و دەڵێن ھیچ کێشەیەکی دەستووری و یاسایی نییە بەتایبەتی کە ئێستا پارێزگای سلێمانی خۆی داوایکردوە.
ئایات موزەفەر، گوتەبێژی ھاوپەیمانیی نەسر دەڵێت: "حکومەتی سلێمانی دەوێت راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیدا بکات. ئەمە ھیچ کێشەیەکی یاسایی و دەستووریی نییە. ھەر پارێزگایەکی ھەرێمی کوردستان دەتوانێت مامەڵە لەگەڵ ناوەنددا بکات. داواکارییش ھەبووە لەسەر ئەو بابەتە. پێش ماوەیەکیش ھاووڵاتییانی کورد تەنانەت لەنێو ھەولێریش داوایان کردووە مووچەکانیان لە رێگەی میکانیزمێکی بانکی و داراییەوە بە حکومەتی فیدراڵییەوە ببەسترێتەوە."
ھێشتا گفتوگۆی شاندی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و لایەنە سیاسییەکانی عێراق شتێکی ئەوتۆی لێ سەوز نەبووە. شیعەکان ھەر رۆژەو بە داوا و پێشنیازی نوێوە دەچنە نێو کۆبونەوەکانی لیژنەی دارایی.
پارتی دیموکراتی کوردستان ھەڕەشەی بایکۆتی ھەڵبژاردنەکان دەکات گەر بێتو مافی ھەرێمی کوردستان لە بودجەدا جێگیر نەکرێت.
نەھرۆ رواندزی، ئەندامی لیژنەی ئابووریی پەرلەمانی عێراق راگەیاند: "ئەوانەی بە عەقڵیەتیێکی شۆڤینییانەوە بیر دەکەنەوە، باس لەوە دەکەن کە کلیلی نەوتیان رادەست بکرێت. واتە ھەموو مەلەفی نەوتی ھەرێمی کوردستانیان پێ بدرێت. لەم دۆخە بێساحێبییەی لە عێراقدا ھەیە باشە ئەگەر ئێمە کلیلی نەوت بدەینە ئێوە، دەدرێتە کێ؟ کە ئەمە پێچەوانەی دەستوورە و ناشکرێت. ھەموو شتێکیش رێی تێدەچێت. ئەمڕۆ ھەموو ئەگەرێک کراوەیە. لەوانەیە بایکۆت بێت، رەنگە زۆری شتی دیکەش رووبدات."
بڕگە و ماددەکانی پرۆژەیاسای بودجە لە لیژنەی دارایی تەواوکران و ئەوەی ماوەتەوە پشکی ھەرێمی کوردستان و پابەندبوونەکانە.
بڕیارە رۆژی چوارشەممە شاندی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ لیژنەی دارایی دوایین دانوستاندن بکەن بە ئامانجی گەیشتنە رێککەوتن.
rudaw -
