نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کۆبووەوە

نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کۆبووەوە
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە لە هەولێر نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ستیڤن هیکی، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی بەریتانیا و هەرێمی کوردستان، رۆڵی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە یارمەتیدانی عێراق و هەرێمی کوردستان، یارمەتیدانی بەریتانیا بۆ بەهێزکردنی دامەزراوەکان و پرۆسەی چاکسازی لە عێراق و هەرێمی کوردستان، دوایین هەنگاوەکانی گفتوگۆی هەولێر – بەغدا، پرسی بودجە و پشکی هەرێمی کوردستان، دۆخی ناوخۆی هەرێم، رێککەوتنی شەنگال، مەترسییەکانی تیرۆر و سەرهەڵدانەوەی داعش، هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق و پێشبینیی نەخشەی سیاسیی دوای هەڵبژاردنەکان، تاوتوێ کران.

نێچیرڤان بارزانی، جەختی لە ئامادەیی و خواستی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی یەکجارەکیی تەواوی کێشەکان لەگەڵ بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور و گرنگیی جێگیربوونی سیستمی فیدراڵی کردەوە و ئاماژەی بەوە دا کە چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ، کلیلی ئارامی و سەقامگیریی ئێستا و داهاتووی عێراقە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە جەیمس سۆرنتن کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر ئامادەی بوو، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی جێبەجێکردنی رێککەوتنی شەنگال و گەیشتنی هەولێر و بەغدا بە رێککەوتن و چارەسەرکردنی کێشەکانیان. هەروەها باڵیۆزی بەریتانیا ئامادەییی وڵاتەکەی بۆ بەردەوامیی هاوبەشی و پشتگیری لە عێراق و هەرێمی کوردستان، دووپات کردەوە.
k24 -
Top