پشکى دامەزراندن و پڕۆگرامەکانى خوێندن بۆ ڕەوەندى کوردى تەرخان دەکرێت

پشکى دامەزراندن و پڕۆگرامەکانى خوێندن بۆ ڕەوەندى کوردى تەرخان دەکرێت
لیژنه‌یه‌كی په‌رله‌مانی كوردستان، سێ داواکاریى ڕەوەندى کوردىی خستە بەردەم وەزارەتى پەروەردەى حکوومەتى هەرێمى کوردستان و وەزارەتى پەروەردەش دەیخاتە بەردەم ئەنجوومەنى وەزیرانی هه‌رێمی كوردستان.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 1/2/2021، ڕێبوار بابکەیی، سەرۆکى لیژنەى پەیوەندییەکانى دەرەوە و ڕەوەندى کوردى لە پەرلەمانى کوردستان ڕای گەیاند، کە لەگەڵ وەزارەتى پەروەردەى حکوومەتى هەریمى کوردستان گفتوگۆیان لەسەر سێ تەوەر كردووه‌، ئەوانیش دابینکردنى پڕۆگرام و کتێبی پەروەردەیی بۆ خوێندنى کوردى و هەروەها دامەزراندنى ئەو كه‌سانەى لەدەرەوەى کوردستانەوە دێنەوە و تەوەرى سێیەمیش دەستەبەرى مافى خوێندن بۆ ئەوانەى کە لە دەرەوەى کوردستان دەگەڕێنەوە.

لەلایەن خۆشیەوە ئالان حەمەسەعید باسی ئەوەکرد کە وەزارەتى پەروەردەى حکوومەتى هەرێمى کوردستان داواکارییەکانى وەرگرتووە و "تێگەیشتنمان بۆ ئەو بابەتە هەیە و دەیخەینە بەردەم ئەنجوومەنى وەزیران".

لەبارەى هەڵسەنگاندنى وەزارەتى پەروەردە بۆ تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، وەزیرى پەروەردە ڕوونى کردەوە، کە لە پارێزگاى دهۆک ٢٩ هەزار قوتابی لە قۆناغى ١٢ى ئامادەیین لەو ڕۆژەوەى کە ناوەندەکانى خوێندن کراونەتەوە تا ئێستا تەنیا ٩ قوتابی و مامۆستا تووشی کۆرۆنا بوونە، ئێمە لەلاى خۆمانەوە بڕیارى کردنەوەى دەرگاى قوتابخانەکانمان بۆ ١/٣ داناوە، خۆ ئەگەر دۆخەکە باشتر بێ بەر لەو کاتە، دەرگاى قوتابخانەکان دەکەینەوە، بەگشتى لەسەرمانە پابەندى ڕێنماییە تەندروستییەکان بین، ئەگەر وانەبێ ناچارین دیسانەوە دەرگاى قوتابخانەکان دابخەینەوە.

وەزیرى پەروەردە، ڕەتیشی کردەوە کە نەکردنەوەى دەرگاى قوتابخانەکان پەیوەندى بە دابەشنەکردن و دواکەوتنى موچەوە هەبووبێ، بەڵکوو "ئەوە خۆپارێزییە و دەبێ گیانى هەموو لایەک سەلامەت بێ و ئەوە ڤایرۆسێکە ڕوو بە ڕوومان بۆتەوە و دەبێ خۆمان لێ بپارێزین".











باسنيوز


Top