لە لوڕستان هەوڵی وشکککردنی دارێکی 480 ساڵە دەدرێت
ئەفشار، چالاکڤانی ژینگەیە و دەڵێت: "480 ساڵیەتی، خەریکە خزمەتی تۆ دەکات، 60٪ـی ئۆکسجینت بۆ دابین دەکات و کەشوهەوات لە گازە ژەهراوییەکان بۆ خاوێن دەکاتەوە. 480 ساڵە ئاوت بۆ دەباتە نێو کانییە ژێر زەوییەکان."
پێشتر کاتی دروستکردنی رێگەیەک لەنێوان هەردوو شاری خوڕەمئاوا و ئەلەشتەردا بە هەوڵ و بەدواداچوونی چالاکڤانانی مەدەنیی پارێزگای لوڕستان و لەبەر پاراستنی ئەو دارە، بەشێک لە رێگەکە گوازرایەوە بۆ چەند مەتر ئەولاتر. ئەوەش لەپێناو پارێزگاریکردن لە دارەکەدا بوو. ئەو هەوڵانەش بوونە هێمایەک بۆ ژینگەپارێزانی رۆژهەڵاتی کوردستان و دارەکەیان ناو نا "ویردار" کە بە واتای پاسەوان دێت.
موزەفەر ئەفشار، چالاکڤانی ژینگەیە و دەڵێت: "رێگەکە نزیکەی دوو مەتر بەملاوە بوو کە دارەکەشی دەگرتەوە، بەڵام ئێمە نەمانهێشت بیبڕنەوە و دارەکەمان پاراست بۆ ئەوەی ببێتە سیمبوولێک بۆ ژینگەپارێزیی خەڵکی ناوچەکە."
ئێستاش ویردار سەرەڕای هەوڵی پسپۆڕانە بۆ چاککردنەوەی برینەکەی، هێشتایش مەترسیی لەنێوچوونی لەسەرە و پسپۆڕانی ژینگە دەڵێن، مانەوەی دارەکە تەنیا لە رێگەی پێوەنکردنەوە دەکرێت.
محەممەدنیا، پسپۆڕی ژینگەیە و دەڵێت: "خەریکین بە بەکارهێنانی جۆرە تیپێک هەوڵی چاککردنەوەی برینەکانی ویردار دەدەینەوە بۆ ئەوەی کە بەر بە لەنێوچوونی بگرین. پێویستە بە جۆرێک پێوەن بکرێت کە پێوەنی سەر و خواری توێکڵی دارەکە دەست پێبکاتەوە و ئاو بە هەموو شوێنێکی بگات."
بڕینەوە و شێواندن بەشێکی زۆری داربەڕووەکانی لوڕستانی گرتووەتەوە و بەرپرسانی پارێزگاکە ئەو کارە بە پیلانێکی نایاسایی بۆ وشککردن و بڕینەوەی دارەکانی ئەو ناوچەیە دەزانن. بەڵام بۆ هەڵکۆڵینی ویردار گومانیان هەیە کە تەنیا لەبەر بەدەستهێنانی دار و خەڵووز بووبێت.
محەممەد نەریمانی، بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتیی سەرچاوە سرووشتییەکانی خوڕەمئاوا دەڵێت: "لەدوای قەدەخەکردنی بڕینەوەی داری دارستانەکانی باکووری ئێران، قاچاخچییەکانی دار روویان لە دارستانەکانی زاگرۆس کردووە. هەڵکۆڵینی ویردار مەبەستێکی دیکەی لە پشتە و قاچاخچییانی دار نایەن دارێک کە ئاوا لە بەرچاودایە ببڕنەوە. بە دڵنیاییەوە بکەرانی ئەو کارە دزێوە مەبەستێکی دیکەیان بووە."
دارستانەکانی بەڕووی زاگرۆس زیاتر لە شەش ملیۆن هێکتار دەگرنەوە کە 40٪ـی ئاوی ئێران بەرهەم دەهێنن.
تەنیا لە پارێزگای لوڕستان ملیۆنێک و 200 هەزار هێکتار دارستان هەیە کە نزیکەی 20 ملیۆن داربەڕووی ئەو دارستانانە مەترسیی لەنێوچوونیان لەسەرە. رێکخراوی ژینگەپارێزی جیهانی نرخی هەر داربەڕوویەکی بە 200 هەزار دۆلار مەزندە کردووە.
rudaw -
