شاندی کوردستان سەرنجی لەسەر رێککەوتنی سیاسییە لەگەڵ شیعەکاندا

شاندی کوردستان سەرنجی لەسەر رێککەوتنی سیاسییە لەگەڵ شیعەکاندا
ئەم ھەفتەیە دوایین گەڕی گفتوگۆکانی شاندی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا دەست پێدەکات. رۆژی یەکشەممە شاندەکە دەچنەوە بەغدا بە ئامانجی جێگیکردنی پشکی ھەرێمی کوردستان لە پرۆژەیاسای بودجەدا و، هاوکات سەرنجیان لەسەر رێککەوتنی سیاسییە لەگەڵ لایەنە شیعەکاندا.

حکومەتی ھەرێمی کوردستان رەزامەندیی نیشان داوە کە داھاتی 250 ھەزار بەرمیل نەوت بەنرخی سۆمۆ رادەست بکات کە یەکێکە لە داواکاریی لایەنە عێراقییەکان. شاندەکە ئەم جارە زیاتر سەرەنجی لەسەر رێکەوتنی سیاسی دەبێت لەگەڵ لایەنە شیعە نارازییەکان.

ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: "زۆربەیان لەگەڵ ئەوەدان بڕگەی تایبەت بە ھەرێمی کوردستان وەک ئێستا بمێنێتەوە. پێشبینی دەکەم ھەر بەو شێوەیە جێگیر بکرێت، بەڵام ھێشتایش ھەندێک لایەن ماون قبووڵی ناکەن. سبەی شاندی ئێمە بۆ تەواکردنی کارەکانییان دێن. بە بۆچوونی من دانوستاندنی سیاسی لەگەڵ ھاتنەوەی ئەو شاندە بکرێت کە دوو-سێ رۆژێک ماوە. ئەوە باشتر دەبێت، بەتایبەتی لەگەڵ ئەو لایەنانەی کە دژی تێپەڕاندنین."

پێداگریی بەشێک لە لایەنە شیعەکان رێگرە لە بەرەوپێشچوونی گفتوگۆکان. سائیروون، دەوڵەتی یاسا، رەوتی حیکمە و سادیقوون داوای رادەستکردنی سەرجەم داھاتە نەوتی و نانەوتییەکان دەکەن کە ئەوە بەربەستی سەرەکیی بەردەم گەیشتنە رێکەوتنە، بەڵام بەشێکی ھاوپەیمانیی فەتح و نەسر ئێستا نەرمتر دەدوێن.

ماجد وائیلی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: "لە یاسای پڕکردنەوەی کورتھێنانی داراییدا ماددەیەک تایبەت کرا بەو بابەتە کە تێیدا ھاتووە پێوستە حکومەتی ھەرێمی کوردستان سەرجەم داھاتە نەوتی و نانەوتییەکان رادەست بکات و، لەبەرامبەردا پشکی دەنێردرێت. پێمان وایە ھەر بە ھەمان شێوە ئەو پرسە لە پرۆژەیاسای بودجەی2021ـدا دووبارە دەبێتەوە."

بڕیارە ئەم ھەفتەیە پرۆژەیاسای بودجەی 2021 لە لیژنەی دارایی تەواو بکرێت و لە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت. بودجەکە بۆ 129 ترليۆن و 500 ملیار دینار کەم کراوەتەوە و کورتھێنانیش بۆ 31 تریلیۆن دینار کەم کرایەوە.
rudaw -
Top