پەیامی سەرەخۆشیی سەرۆك بارزانی بۆ كۆچی دوایی عیزەت سلێمان بەگ

پەیامی سەرەخۆشیی سەرۆك بارزانی بۆ كۆچی دوایی عیزەت سلێمان بەگ
سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی به‌بۆنه‌ی كۆچی دوایی عیزەت سلێمان بەگ دەرگەڵەیی كەسایەتیی ناسراوی كوردستان و دەڤەری سۆران و هاوكات پێشمه‌رگه‌ی شۆڕشی ئه‌یلوول، په‌یامێكی سه‌ره‌خۆشی ئاراسته‌ی خانه‌واده‌ و كه‌س و كاری كۆچكردوو كرد.

ده‌قی پرسه‌نامه‌ی سه‌رۆك بارزانی بۆ كۆچی دوایی عیزەت سلێمان بەگ دەرگەڵەیی:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بە داخێكی زۆرەوە هەواڵی كۆچی دوایی عیزەت سلێمان بەگ دەرگەڵەیی كەسایەتیی ناسراوی كوردستان و دەڤەری سۆران و، پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوولم بیست. خوالێخۆشبوو عێزەت سلێمان بەگ لە خانەوادەیەكی ناودار و كوڕی سلێمان بەگ پێشمەرگەی كۆماری كوردستان لە مەهاباد و یاوەری بارزانیی نەمر بۆ سۆڤییەت بوو و، كەسایەتییەكی خەباتگێڕ و نیشتیمانپەروەر و خەمخۆری كوردایەتی و وەفاداری ڕێبازی بارزانی بوو و، ڕۆڵی بەرچاوی هەبوو لە شۆڕش و خەباتی كوردایەتی بە تایبەتی لە دەڤەری سۆران و لەدەست دانی خەسارەتێكی گەورەیە.

سەرەخۆشی خۆم ئاراستەی خانەوادەی تێكۆشەری عێزەت سلێمان بەگ و هەموو خزم و كەسوكار و ئاشنایان و هەڤاڵانی خوالێخۆشبوو و نیشتیمانپەروەرانی كوردستان دەكەم و خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم.

لە خودای گەورە داواكارم رۆحی خوالێخۆشبوو بە بەهەشتی بەرین شاد بكات و سەبر و ئارامی بە هەموو لایەك ببەخشێت.

انا للە و انا الیە راجعون

مسعود بارزانی

30ـی كانوونی دووەمی 2021
k24 -
Top