شاندی حکوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دوایین گفتوگۆ لەبارەی بەشە بودجەوە دەچێتە بەغدا
فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتى هەرێمی کوردستان لە بەغدا ڕایگەیاند: "ئێوارەی سبەی یەکشەممە 31ی1ی2021، شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دوایین گفتوگانی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوە لەگەڵ لێژنەی دارایی پەرلەمان، سەردانی بەغدا دەکەن".
ئاشکراشی کرد، وەفدەکە پێکهاتووە لە جێگری سەرۆکی حکوومەت، وەزیری دارایی، وەزیرانی پلاندانان و وەزیری هەرێم بۆ پەیوەندییەکانی بەغدا و سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و سکرتێری یاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان.
ئەوەشی ڕوون كردەوە، كە شاندەكە لەگەڵ لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کۆدەبنەوە كە ”كۆبوونەوەیەكی گرنگ و یەکلاکەرەوە دەبێ و بەگشتی دۆخەکەش ئەرێنییە".
گوتیشی: "لە کۆبوونەوەکە هەڵوێستی فەرمی بەدیار دەكەوێت، بە گشتی لێکگەیشتنی باش لە نێوان هەردوولا هەیه و دۆخەکە باشه و ئومێد دەکەین ئەنجامەکە بە دڵی هەموو لایەک بێ".
سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا ئاماژەشی بەوەدا کە پێشووتر لەگەڵ حکوومەتی عێراقی ڕێککەوتن لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان کراوە و لە چەند بڕگەیەکی ڕەشنووسی بودجەدا پشکی کوردستان جێگیر کراوە، شاندەكە دەیەوێت ڕێککەوتنەکە مسۆگەر بکات، حکوومەتی هەرێمی كوردستانیش دەیەوێت مافی هەرێمی کوردستان پارێزراو بێت.
باسنیوز
