تا مانگی ئادار پڕۆژەیاسای بودجەی 2021ی هەرێمی كوردستان ئامادە دەبێت

تا مانگی ئادار پڕۆژەیاسای بودجەی 2021ی هەرێمی كوردستان ئامادە دەبێت


بەرپرسانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكەن لە كۆتایی مانگی شوباتدا ڕەشنووسی بودجەی 2021ی هەرێمی كوردستان ئامادە دەبێت.

د.عه‌بدولحه‌كیم خه‌سرۆ، سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی هه‌ماهه‌نگی و به‌دواداچوون له‌ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان راگەیاند: "وه‌زاره‌ته‌كانی پلاندانان و دارایی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌ته‌كانی دیکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان له‌ كۆبوونه‌وه‌ی بەردەوامن، بۆ ئه‌وه‌ی ڕوانگه‌یان بۆ بودجەی 2021ی هەرێمی وه‌ربگرن و پارێزگاره‌كانیش به‌شدارن بۆ ئه‌وه‌ی ڕه‌شنووسی بودجه‌ گه‌ڵاڵه‌ بكه‌ن".

ئاماژەی بەوەش دا: "ڕه‌شنووسی بودجەکە سه‌رچاوه‌ی داهات و خه‌رجییه‌كانی تێدایه‌ و ئه‌و داهاته‌ی له‌ عێراقه‌وه‌ دێت، ده‌بێ ڕێك بخرێت و ئه‌و داهاته‌ی لە ناوخۆ هەیە ده‌بێت بخرێته‌ بودجه‌وە".

د. حەبدولحەکیم خەسرەو گوتیشی: "كاركردن به‌رده‌وامه‌ و به‌ گوێره‌ی خشته‌یه‌كی كاركردن، له‌ كۆتایی مانگی شوباتی داهاتوو، ڕه‌شنووسی بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ ده‌كرێت".

لە ساڵی 2014 وە بەهۆی بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغدا و شەڕی داعش و قەیرانی دارایی، هەرێمی كوردستان بێ بودجەی ساڵانەیە.

زاگرۆس فەتاح، بریكاری وەزارەتی پلاندانانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لەمبارەوە بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "دوای بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ ئامادەكردنی بودجەی 2021ی هەرێمی كوردستان ئێمە دەستمان بە كاری خۆمان كردووە و لەگەڵ وەزارەتەكان كۆبوونەوەی ڕۆژانەمان هەیە، بۆ ئەوەی پلانی وەزارەتەكان لەو بودجەیە جێگە بكەینەوە".

جەختیشی كردەوە: "خشتەیەكی كارییان داناوە بۆ ئەوەی ئامادەكارییەكان تەواو بكرێن و بەپێی خشتەی ڕۆژژمێری بودجەی 2021ی هەرێمی کوردستان و لەسەر ڕاسپاردەی ئەنجوومەنی وەزیران، دەست بە گفتوگۆی چڕتر كراوە لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان تاکوو بتوانین بەپێی ئەو خشتەیەی دانراوە كارەكانی بودجە تەواو بكەین".

بریكاری وەزارەتی پلاندانانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئاماژەی بەوەش دا: "لە كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا جەخت لەسەر شەفافیەت كراوەتەوە، بۆیە ئامادەكردنی بودجە بەشێكی گرنگی شەفافیەتی خەرجی و داهاتە".

زاگرۆس فەتاح، باسی لەوەش كرد: "هەوڵ هەیە تاوەكوو مانگی ئادار بودجە ئامادە بێت و پلانمان هەیە لە كۆتایی مانگی شوباتدا رەشنووسی بودجەی 2021 ئامادە بكرێت و دواتر ئەنجومەنی وەزیران پەسندی بكات و بۆ پەسندكردنی ڕەوانەی پەرلەمان بكرێت".

جەختیشی کردەوە: "لەگەڵ بەغدا ڕێککەوتن بکرێ، یان نەکرێت، هەرێمی کوردستان ئەمساڵ بودجەی خۆی دەبێت".





باسنیوز
Top