بریکاری وەزارەتی پلاندانی هەرێمی کوردستان: رۆژژمێری بودجەمان ئامادەکردووە
بریکاری وەزارەتی پلاندانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، کۆبوونەتەوە و جەختیان لەوە کردووەتەوە لە پرۆژەیاسای بودجەی 2021 گرنگیی زیاتر بەو پرۆژە خزمەتگوزاریانە بدرێت، کە کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر دۆخ و گوزەرانی هاونیشتمانیان هەیە.
زاگرۆس فەتاح، بریکاری وەزارەتی پلاندانی هەرێمی کوردستان راگەیاند، وەزارەتی پلاندانان رۆژژمێری بودجەی ئامادەکردووە و تێیدا کاری سەرجەم وەزارەتەکان و پلانەکانیانی نووسیوەتەوە، لەژێر رۆشنایی ئەو رۆژژمێرەشدا لەگەڵ وەزارەتەکان کۆدەبنەوە بۆ ئامادەکردنی رەشنووسی بودجە.
بریکارەکەی وەزارەتی پلاندانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، لە رەشنووسی پرۆژەکەدا پێشینە دەدرێت بە مووچەی فەرمانبەران و حکومەت دەیەوێت 30 رۆژ جارێک مووچە بدات، بەڵام تاوەکو پرۆژە یاساکە ئامادە نەکرێت، دیارنییە لێبڕین چۆن دەبێت.
ئامادەکردنی رەشنووسی بودجەی 2021 لەکاتێکدایە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دووچاری قەیرانێکی قووڵی دارایی بووە، کە رێکنەکەوتن لەگەڵ بەغدا و دابەزینی نرخی نەوت هۆکاری سەرەکین.
ئەمەش لەکاتێکدایە کە دوای حەوت ساڵ، هەرێمی کوردستان دەیەوێ پرۆژەیاسای بودجە بباتە پەرلەمان.
تاوەکو ئێستا دانوستاندنەکان بۆ رێککەوتن لەسەر بودجە لەنێوان هەولێر و بەغدا بەردەوامن و نەگەیشتوونەتە بنبەست، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان دوو رەشنووسی یاسای بودجە ئامادە دەکات، یەکێکیان بە پشتبەستن بە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە عێراق و داهاتی نێوخۆیی، یەکێکی دیکەش بە پشتبەستن بە تەنیا داهاتی نێوخۆیی لەکاتێکدا ئەگەر کۆبوونەوەکان بێ ئەنجامبن.
حکومەتی هەرێمی کوردستان، تاوەکو کۆتایی مانگی شوبات رەشنووسەکە رادەستی پەرلەمان دەکات بۆئەوەی بیخاتە بەرنامەی کاری دانیشتنەکانیەوە.
rudaw -
