چاودێرێكی ئەمنیی‌ كەركووك: بەشێك لە بەرپرسانی ئێستای كەركووك كەسوكاری داعشن

چاودێرێكی ئەمنیی‌ كەركووك: بەشێك لە بەرپرسانی ئێستای كەركووك كەسوكاری داعشن
چاودێرێكی دۆخیی ئەمنیی كەركووك، ئاشكرای ده‌كا ئەو كەسانەی سەر بە داعشن و لە كەركووك دەستگیر دەكرێن، ژماره‌یان زۆر كه‌مه‌ و ژماره‌یه‌كی زۆری ئه‌ندامانی داعش دزەیان كردووەتە ناوەندی كەركووكەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 28/1/2021، وەزارەتی بەرگریی عێراق ڕاگەیاندنراوێكی لەسەر دەستگیركردنی سێ تیرۆریستی سەر بە داعش لە ناوەندی شاری كەركووك بڵاوكردەوە و وێنەیەكی بۆ (باسنیوز) نێردراوە و تێیدا هاتووە، "لەسەر زانیاریی هەواڵگری، بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی كەركووك، لە گەڕەكەكانی یەكی حوزیران و عەمەل شەعبیی كەركووك، سێ تیرۆریستی سەر بە داعشیان دەستگیر كرد".

ئەوەش خراوەتە ڕوو، ئەو تیرۆریستانە بە هاوكاری پۆلیسی كەركووك دەستگیركراون و وەك شانەی نوستووی داعش لە شارەكە كاریان كردووە.

لەبارەی زۆریی ژماره‌ی تیرۆریستانی سەر بە داعش لە ناوەندی كەركووك، مەریوان جەلال، چاودێری سیاسی و شارەزا لە دۆخی ئەمنیی كەركووك، ڕایگەیاند، لە كەركووك وێڕای بوونی هێزگەلێك، بەڵام بۆشایی ئەمنی هەیە و هێزە ئەمنییەكانی ئێستای شارەكە تەنانەت وەك پێویست ناتوانن خۆشیان بپارێزن و داعش زۆر بەئاسانی دزەیان كردووەتە ناو كەركووك و ئەوانەی ئێستا بەرپرسن لە كەركووك هەندێكیان كەسوكاریان لەناو داعشە، یەكێك لەوانە پارێزگاری سەپێندراوی كەركووكە، بۆیە داعش لەناو كەركووكدا هەن و مەترسیی گەورەن و ئەمنیەتیی شارەكەش زۆر خراپە و كەس خۆی ناكاتە خاوەنی، هێزە ئەمنییە سەپێندراوەكانیش هەر خەریكی خۆدەوڵەمەندكردنن.

ئاشكراشی كرد، كه‌ لە كەركووك گروپ هەیە هەڕەشە لە خەڵك دەكەن و بەزۆر پارە لە خەڵك دەسەنن و هەڵدەوكوتنە سەر ماڵان، ئەوەش هەر تیرۆرە.

گوتیشی، ئەو كەسانەی سەر بە داعشن لە كەركووك و دەستگیر دەكرێن، ژماره‌یه‌كی زۆر كەمن و زۆر لەوە زیاتر له‌ شاره‌كه‌دا هه‌ن.












باسنیوز


Top