لە گەڕەكێكی کەرکووک ژمارەیەك خانووی هاووڵاتییانی کورد ڕووخێندران
بە بڕیاری راكان جبووری پارێزگاری سەپێندراوی كەركووك و بە سەرپەرشتیی فەلاح یایچیلی، قایمقامی سەپێندراوی ناوەندیی كەركووك، لە سنووری گەڕەكی پەنجاعەلیی شارەکە، بە شۆفەڵ دەستیان بە ڕووخاندنی ژمارەیەك خانوو، هەروەها خانووی تەواونەكراووی هاووڵاتییان كردووە، بە بیانووی ئەوەی ئەو خانووانە لەسەر زەویی حكوومەت دروست كراون، لە كاتێدا ئەو گەڕەكە ساڵانێكی زۆرە دروست كراوە و پێش ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 هیچ كێشەیەكیان لەلایەن ئیدارەی ئەو كاتەی كەركووكەوە بۆ دروست نەكراوە".
لەمبارەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە 28/1/2021، كامەران كەركووكی، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، ڕایگەیاند: "وەك دەسەڵاتدارانی ئێستای كەركووك هەم تۆمەت بۆ كوردانی شارەكە دروست دەكەن بەهۆی بابەتی بەناو یاساییەوە و هەمیش فشاری جۆراوجۆر دەخەنە سەر هاوڵاتییانی كورد".
گوتیشی: "لە هەموو عێراق خەڵك هەیە خانووی لەسەر زەویی حكوومەت دروست كردووە، حكوومەت بۆ لە شارەكانی تری عێراق ئەو خانووانە ناڕووخێنێت، بەڵام ئەوان هەر مەبەستیان كوردی كەركووكە، بۆیە ئەو كردەوەیە دەكەن بۆ ئەوەی كورد لە شارەكە دەرپەڕێنن و لە شارەكە نەمێنن، ئەوەش بەدەستی ئەنقەست دەكرێت و ئەوەی دەكرێت ڕوویەكی سیاسییە و بۆ بێزاركردنی كوردە".
باسنیوز
