شنگال.. ڕێوڕەسمی ناشتنی رووفاتی قوربانیانی گوندی کۆچۆ دوا خرا
ئەمڕۆ پێنجشەممە 2021/1/28 فەلاح حەسەن، ئەندامی دەستەی لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی بەڵگەنامەکان لە پارێزگای دهۆک رایگەیاند: "بڕیار بوو سەرەتای ئەم مانگە لەلایەن پزیکشی داددی بەغداوە 104 ڕووفاتی قوربانی جینۆسایدی گوندی کۆچۆ بگەڕێندرێنەوە سنوورەکە و ڕێوڕەسمی ناشتنیان بەڕێوە بجێت، بەڵام ڕێوڕەسمەکە بۆ ڕێکەوتی 2021/2/6 دوا خراوە".
فەلاح حەسەن ئاماژەی بەوەش کرد: "لە دوای هێرشی داعش و ڕوودانی جینۆسایدی کوردانی ئێزدی، لە سنووری شنگال 80 گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراونەتەوە کە تا ئێستا 20 دانەیان هەڵدراونەتەوە و سەرجەم 350 ڕووفاتیان تێدا بووە و تا ئێستا تەنیا ناسنامەی 104 ڕووفاتیان ئاشکرا بووە، کە بڕیارە ڕێکەوتی 2021/2/6 لە گوندی کۆچۆ بنێژرێن"
گۆڕستانی تایبەت بە قوربانیانی جینۆسایدی گوندی کۆچۆ دروست کراوە و تێیدا 517 گۆڕ ئامادە کراوە و بڕیارە هەموو قوربانیانی کارەساتی گوندی کۆچۆی سەر بە شنگال تێیدا بنێژرێن.
باسنیوز
