پەرلەمانتارێکی یەکێتی: عێراق وڵاتێکی گەندەڵی زۆر خراپە

پەرلەمانتارێکی یەکێتی: عێراق وڵاتێکی گەندەڵی زۆر خراپە
ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕاى ده‌گه‌یه‌نێت، عێراق وڵاتێکی گەندەڵی زۆر خراپە و بنبڕکردنی گەندەڵی ھەروا بەئاسانی چارەسەر نابێ.

ڕێزان شێخ دلێر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕایگەیاند: "ڕەوشی عێراق لەڕووی گەندەڵی و ناشه‌فافییەوە ھەتا بڵێی وڵاتێکی خراپە، ڕاستە بەھۆی دامەزراندنی حکوومەتی نوێ ھەندێک گۆڕانکاری کراوە، بەڵام بنبڕکردنی گەندەڵی ھەروا بەئاسانی چارەسەر نابێ و پێویستی بەکاتە بۆئەوەی گەندەڵی ڕیشەکێش بکرێت".

گوتیشی: "ئەگەر عێراق دەیەوێت گەندەڵی لەناو بەرێت، باشترە وەزیرێک بێنێتە ناو وەزارەتەکانەوە گەندەڵ نەبێت، ھەروەھا حزبی سیاسی دەستی لە ئیش و کارەکانی حکوومەتى عێراق تێکەڵ نەکات، بێگومان گەندەڵی لەناو عێراقدا بەو شێوەیە کاڵ دەبێتەوە".

ڕێزان شێخ دلێر جەختی لەوەش کردەوە: "عێراق وڵاتێکی گەندەڵی زۆر خراپە، پێشتر وەزیر ھەبووە لە بەرتیل کاری کردووە و ڕادەستی دادگا کراوە، بۆیە قورسە گەندەڵییەگانی عێراق بەئاسانی بنبڕ بکرێن".

ئەمڕۆ پێنجشەممە 28/1/2021، ڕێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی ڕاپۆرتێکی لەبارەی گەندەڵی و شەفافیەت لە وڵاتانی جیهان بڵاو کرده‌وه‌ و به‌پێی ڕیزبەندیی ڕێکخراوه‌كه‌، له‌ کۆی 180 وڵاتی ڕیزبەندییەکە، عێراق پلەی 160ـی وەرگرتووە و یەکێکە لە 20 وڵاتە هەرە گەندەڵەکانی جیهانه‌، شەشەم گەندەڵترین وڵاتی عەرەبیشە.













باسنیوز


Top