سەرۆکى پەرلەمان: بۆ دروستکردنی یەک لیستی لەگەڵ هەموو حزبە کوردستانییەکان کۆ دەبینەوە

سەرۆکى پەرلەمان: بۆ دروستکردنی یەک لیستی لەگەڵ هەموو حزبە کوردستانییەکان کۆ دەبینەوە
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، سەرۆکایەتیی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و لایەنە سیاسییەکان بۆ دروستکردنی یەک لیستیی کورد، کۆ دەبێتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 28-1-2021، سەرۆکایەتىی پەرلەمانى کوردستان لەگەڵ نوێنەرى حزب و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان بەمەبەستى ڕێکخستن و یەکدەنگیی لایەنە کوردستانییەکان لە ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەی هەرێمی کوردستان،کۆ بووەوە.

دواى کۆبوونەوەکە، ڕێواس فایەق، سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، بەپێی یاسا، ئەرکی پەرلەمانە وەک نوێنەری گەلی کوردستان هەوڵی یەکدەنگیی لایەنە کوردییەکان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، بدات.

رێواس فایەق ئاماژەی بە ناکۆکیی لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان کرد و رایگەیاند، ”ئەو دڕدۆنگى و لێک دوورییەى حزبەکان مایەى نیگەرانییە“.

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان هەروەها رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا، کە بەنزیکەیی هەموو حزبە سیاسییەکان ئامادەی بوون، باسی ئامادەکارییە تەکنیکییەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کرا و بڕیاردرا بەپەلە لەگەڵ سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان و مەکتەبی سیاسی حزبە کوردستانییەکان گفتوگۆ بکرێت، چونکە ”کات لەبەرژەوەندیى کورددا نییە“.

رێواس فایەق روونیشی کردەوە، کە هەر حزبێکى سیاسی قەبارەى خۆی دەزانێت، دەبێ حزبە گەورەکانی کوردستان مافی حزبە بچووکەکان لەبەرچاو بگرن، بۆ ئەوەی کورد لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بە یەک لیست بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکات.











باسنيوز


Top