جەبار یاوەر: نەبوونی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لە نێوان پێشمەرگە و سوپا لە ئەستۆی عێراقە

جەبار یاوەر: نەبوونی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لە نێوان پێشمەرگە و سوپا لە ئەستۆی عێراقە


ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕای گەیاند هۆكاری بەڕێوەنەچوونی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی سەربازی نێوان پێشمەرگە و سوپای عیراق لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، حكوومەتی عێراقە.

لەمبارەوە ئەمڕۆ پێنجشەممە 28/1/2021، جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، ڕاگەیاند: "جموجۆڵی داعش لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بەردەوامە و كردەوی تیرۆریستیشیان هەر هەبووە، ئێمە بەپێی ئەو ئامارانەی كە لەبەردەستماندایە، ساڵی 2018 داعش 456 كردەوەی تیرۆریستی لە ناوچە كوردستانییەكان كردووە كە هەزار و 742 كەس بەدەستی داعش كوژران و بریندار بوون و ڕفێندراون، هاوکات ساڵی 2019 داعش 280 كردەوەی تیرۆریستی هەبووە لەو ناوچانە كە هەزار و 260 كوژراو و بریندار و رفێندراو هەبووە، هەروەها ساڵی 2020یش داعش 230 كردەوەی تیرۆریستیی لەو ناوچانە هەبووە كە 812 كوژراو و بریندار و ڕفێندراو هەر بەدەستی داعش هەبووە، بۆیە كردەوە تیرۆریستییەكانی داعش نەوەستاوە و بەردەوام هەبووە لە ناوچەكە".

جەبار یاوەر روونیشی كردەوە: "هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ بوونی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی کە لە زۆر شوێن لە نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەكاندا بە مەودای 40 كیلۆمەتر هەیە و هیچ هێزێكی لێ نییە و داعش كەڵكیان لە نەبوونی هەماهەنگیی سەربازی وەرگرتووە".

ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەش کرد: "داعش كەڵكیان لەوەش وەرگرتووە كە حكوومەتی عێراق ئەو هێزانەی كە لە ناوچەكە بڵاوی كردووەتەوە، شارەزای جوگرافیای ناوچەكان نین و ئۆپەراسیۆن ئەنجام نادەن و تەنیا لە بنكەكانی خۆیانن، جگە لەوەش كەڵكیان لەوەش وەگرتووە كە لە ناوچەكە هێزی هاوبەشی نێوان پێشمەرگە و سوپا نییە و هیچ هەماهەنگییەكی ئەمنی و هەواڵگیری لەو ناوچانە نییە".

لەبارەی ئەوەی لە ماوەكانی ڕابردوو چەند كۆبوونەوەیەك لە نێوان وەزارتی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا کراون بۆ ئەوەی بتوانن پێكەوە ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە ناوچە كوردستانییەكان بكەن، جەبار یاوەر، گوتی: "لایەنی حكوومەتی فیدڕاڵیی عێراق نایەتە پێشەوە بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەی كە لە كۆبوونەوەكاندا دراون و ئێمە لە ساڵی 2020دا سێ كۆبوونەوەمان هەبووە و بڕیار دراوە لەسەر ئەوەی كە ناوەندی هەماهەنگی لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دروست بکەین، بەڵام ئەوان ناینە پێشەوە بۆ ئەو ناوەندە، جگە لەوە بڕیار درا كە هێزی هاوبەش پێك بێنین، بۆ ئەوەش هەر نەهاتنە پێشەوە و بڕیارمان دا ئۆپەراسیۆنی هاوبەش بكەین، هەر نەهاتنە پێشەوە، بۆیە ئەوان ساردن لە جێبەجێكردنی بڕیارەکان و هۆكارەكەی ئەوانن، نەك ئێمە وەكوو وەزارەتی پێشمەرگە".





باسنيوز
Top