وەزیری پەروەردە زانیاری نوێ لەبارەی دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی خوێندن ئاشکرا دەکات

 وەزیری پەروەردە زانیاری نوێ لەبارەی دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی خوێندن ئاشکرا دەکات
وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەگەڵ بەڕێوەبەرانی پەروەردەی پارێزگاکان کۆبونەتەوە و هەمویان لەگەڵ ئەوەدان کە وادەی دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی خوێندن پێشبخرێت و تاوەکو رۆژی شەممەی داهاتو دیدگای خۆیان لەوبارەیەوە ئامادەدەن.

ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "لەچەند رۆژی رابردودا لەگەڵ بەڕێوەبەرانی گشتی پەروەردەی پارێزگاکان کۆبونەتەوە بۆ ئەوەی کە بتوانن پڕۆژەی خۆیان بۆ کۆبونەوەی لیژنەی باڵای روبەڕوبونەوەی کۆرۆنا ئامادەبکەن کە رۆژی 2-2-2021 بەڕێوەدەچێت، پێشبینی دەکەن تاوەکو رۆژی شەممە دیدگای خۆیان ئامادەبکەن و تا ئێستا ئامارەکان باشن، ئەگەر دۆخەکە بەمجۆرە بێت ئەو وادەیەی بۆ کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان دامانناوە کە یەکی ئازارە پێشبخرێت، بەڵام وادەکە لەلایەن لیژنەی باڵای روبەڕوبونەوەی کۆرۆنا دیاریدەکرێت".

ئاماژەی بەوەشکرد، هەمولایەکیان پێیان باشە کە قوتابخانەکان زوتربکرێنەوە، بەڵام هەر وەرزی یەکەم دەخوێنرێت، چۆنێتی دەستپێکردنەوەی دەوام و هێڵە گشتیەکانی لەلایەن وەزارەتی تەندروستی و پەروەدەوە دیاریدەکرێت و هیچ بڕیارێک لەسەر کاتەکان نەدراوە، بەڵام داوای لە به‌ڕێوەبەر گشتییەکانی پارێزگاکە کردوە کە پێیان بڵێن چ کاتێکیان پێباشە بۆ کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان تاوەکو لە کۆبونەوەی لیژنەی باڵای روبەڕوبونەوەی کۆرۆنا بیخاتەڕو.








خەندان
Top