سه‌رۆك بارزانی: هیچ كەس و لایەنێك ناتوانێ ئەو حەقیقەتە بشارێتەوە كە ئەفسانەی داعش لەسەر دەستی پێشمه‌رگه‌ تێكشكا

سه‌رۆك بارزانی: هیچ كەس و لایەنێك ناتوانێ ئەو حەقیقەتە بشارێتەوە كە ئەفسانەی داعش لەسەر دەستی پێشمه‌رگه‌ تێكشكا
سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، له‌ باره‌ی رۆڵی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌ شه‌ڕی دژ به‌ داعشدا له‌ په‌یامێكدا رایگه‌یاند، هیچ كەس و لایەنێك ناتوانێ ئەو حەقیقەتە بشارێتەوە كە ئەفسانەی داعش لەسەر دەستی رۆڵە قارەمانەكانی گەلی كوردستان تێكشكا.

له‌ په‌یامه‌كه‌دا هاتووه‌: "ماوەیەكە لە هەندێ ناوەندی ئیعلامی و سیاسی باسی شەڕی داعش دەكرێت. لێرەدا ڕاستییەك هەیە ناكرێ چاوپۆشی لێ بكرێ ".

هه‌روه‌ها هاتووه‌: "كاتی خۆی لە شەڕی داعشدا ئێمە سوپاسی هاوپەیمانان و ئەمەریكامان كرد كە یارمەتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیان داوە. سوپاسی هەموو ئەو لایەنانەشمان كرد كە بە جۆرێك بەشداربوونە لە شەڕی داعش و یارمەتیی پێشمەرگەیان داوە"

ده‌قی په‌یامه‌كه‌

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

ماوەیەكە لە هەندێ ناوەندی ئیعلامی و سیاسی باسی شەڕی داعش دەكرێت. لێرەدا ڕاستییەك هەیە ناكرێ چاوپۆشی لێ بكرێ، داعش دیاردەیەكە كە دوژمنی سەرجەم مرۆڤایەتییە و، شەڕكردن لەگەڵ داعش شەڕێكی ئاسان نییە چونكە بەرەیەكی بەرفراوان و هەمەلایەنە و، لایەنێكیش بە تەنیا ناتوانێ داعش تێكبشكێنێت. ڕیشەكێشكردنی داعش هەماهەنگی و كاری هاوبەشی هەموو لایەك و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێویستە.

كاتی خۆی لە شەڕی داعشدا ئێمە سوپاسی هاوپەیمانان و ئەمەریكامان كرد كە یارمەتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیان داوە. سوپاسی هەموو ئەو لایەنانەشمان كرد كە بە جۆرێك بەشداربوونە لە شەڕی داعش و یارمەتیی پێشمەرگەیان داوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە هەموو لایەك ئەوە بزانن كە ئەوەی لەسەر ئەرزی واقعدا بە خوێن و قوربانیدانی خۆی، كوردستانی لە هەڕەشەی داعش پاراست، هێزی پێشمەرگەی كوردستان بوو. هیچ كەس و لایەنێك ناتوانێ ئەو حەقیقەتە بشارێتەوە كە ئەفسانەی داعش لەسەر دەستی ڕۆڵە قارەمانەكانی گەلی كوردستان تێكشكا.

مسعود بارزانی

27ـی كانوونی دووەمی 2021
k24 -
Top