بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر بۆ بەشێک لە جووتیاران: سبەینێ بێن چەکی پارە وەربگرن
هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر بە وەکالەت راگەیاند "سبەی دەست بە دابەشکردنی پارەی گەنمی ئەو جووتیارانە دەکرێت کە لە رۆژانی 25 و 26 و 27ی مانگی حوزەیرانی 2020 گەنمەکانیان رادەستی سایلۆی هەولێر کردووە و، دەتوانن سەردانی سایلۆ بکەن بە مەبەستی وەرگرتنی چەکی بانکیی تایبەت بە پارەی گەنمەکانیان".
بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر بە وەکالەت ئاماژەی بەوەش کرد، سەرەتای هەفتەی داهاتووش چەکی ئەوانە دابەشدەکرێت کە تاوەکو 01-07-2020 گەنمەکانیان رادەستکردووە.
ئەمەش لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ موسەننا ئەمین، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق راگەیاند "دوای ئەوەی چەندجارێک لەگەڵ وەزیری بازرگانی کۆبووینەوە و پەیوەندیمان پێوەکرد، ناوبراو بڕیاریدا بڕی 228 ملیار و 892 ملیۆن و 500 هەزار دینار وەکو پارەی گەنمی جووتیاران بۆ هەرسێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان خەرج بکات".
خەرجکردنی ئەو بڕە پارەیەی گەنمی جووتیاران بۆ ساڵی 2020 لەکاتێکدایە، حکومەتی عێراق 557 ملیار دیناری جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵەکانی 2014 و 2015 و 2016ی لایە و تاوەکو ئێستا خەرجی نەکردووە.
rudaw -
