سێ ڕووفات لە سنووری شنگال دۆزرانەوە
ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٧ی١ی٢٠٢١ جەلال خەلۆ بەڕێوەبەری ناحیەی گرعوزێر بە وەکالەت ڕايگەیاند: "دوێنێ سێشەممە ئەو سێ ڕووفاتە لە کۆمەڵگەی گرزەرک دۆزراونەتەوە کە ڕووفاتی سێ هاووڵاتیی کوردی ئێزدییە کە لە شوێنێک لەلایەن تیرۆریستانی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ گوللەباران کراون".
گوتیشی: "پۆلیسی شنگال لەو ڕووداە ئاگادار کراوەتەوە هەتا بپارێزرێن و بیانگوازنەوە و ڕووفاتەکانیان لەناو گۆڕی بەکۆمەڵی ئێزدییاندا بنێرژرێن".
جەلال خەلۆ ئاماژەی بەوەش کرد: "هێشتا ناسنامەی ئەو سێ رووفاتە دیار نییە کە پاش شەش ساڵ لە کارەستانی جینۆسایدی شنگال دۆزراونەتەوە".
لە سنووری قەزای شنگال و لە دوای کارەسات و جینۆسایدی کوردانی ئیزدی کە لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە ساڵی ٢٠١٤ ڕووی دا، هەتا ئێستا ٨٠ گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراونەتەوە، کە لەو ژمارەیە ٢٠ گۆڕیان هەڵدراونەتەوە کە سەرجەم ٣٥٠ ڕووفاتیان تێدا بووە و هەتا ئێستا لەلایەن بەغداوە تەنیا ناسنامەی ١٠٤کەسیان ئاشکرا بووە.
بڕیارە سەرەتای مانگی داهاتوو ڕووفاتی ئەو ١٠٤ کەسەی کە ناسنامەیان یەکلا بووەتەوە، بگەڕێندرێنەوە سنووری شنگال و لە گوندی کۆچۆ بە خاک بسپێردرێن.
باسنيوز
