128 ڕۆژە حكوومەتی عێراق مووچەی فەرمانبەرانی بەنداوەكانی ههرێمى كوردستانی خەرج نەكردووە
ئەكرەم ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی بهنداو و كۆگاكانی ئاو له وەزارەتی کشتوکاڵ و سهرچاوهكانى ئاوى حكوومهتى ههرێمى كوردستان، ڕايگەیاند: "چوار مانگ تێپەڕی و بووە 128 ڕۆژ حکوومەتی عێراقی هیچ مووچەیەکی بۆ کارمەندانی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان خەرج نەکردووە".
ڕوونیشی کردەوە، بە بیانووی جۆراوجۆر، حكوومەتی عێراق مووچەی فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكەی خەرج نەكردووە، كە پێشتر بە فەرمی خراوەتە سەر حكوومەتی عێراق، گوتیشی: "لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان چووینە بەغدا و لەوێ بەرپرسانی حکوومەتى عێراق و بەڵێنیان دا کێشەکە چارەسەر بکەن و مووچەکان بنێرن، بەڵام هیچ نەکراوە و بەرچاویشمان ڕوون نییە".
بەڕێوەبەری گشتیی بهنداو و كۆگاكانی ئاو لهبارهى هۆكارى نهناردنى مووچهكانیان، گوتی: "کێشەکە سیاسییە، ئەوان بەستوویانەتەوە بە پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا، ئەگەر نا ئێمە دەوام و کاروباری خۆمان دەکەین، پێشتر خۆیان مووچەی فەرمانبەرانی ئێمەیان گواستەوە سەر بەغدا و پێویست بوو مانگانە هاوشێوەی فەرمانبەرانی عێراق، مووچەی فەرمانبەرانی ئێمەش بدەن".
ئەكرەم ئەحمەد دووپاتی كردەوە، جارى پێشووش دوای سێ مانگ ڕاگرتنی مووچەکانیان، پاشان خەرج کرا.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەنداو و كۆگاكانی ئاو لە كوردستان نزیکەی 400 فەرمانبەری بە پلەی جۆراوجۆر هەیە و لە ساڵی 2017دا لەسەر داوای حكوومەتی فیدڕاڵی، مووچەكانیان خراوەتە سەر بەغدا، بەڵام ئەمساڵ هاوشێوەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، لەلایەن بەغداوە كێشە بۆ مووچەكانیان دروست كراوە.
باسنيوز
