داعش شانەی نووستووی لە هەندێک گەڕەکی کەرکووک دروست کردووە
زیادبوونی کردە چەکدارییەکانی داعش لە نانەوەی بۆمب و بەئامانجگرتنی هێزە عێراقییەکان بەتایبەت لە رێگەی نیشانەشکێنەوە دۆخی باشوور و رۆژئاوای کەرکووکی ئاڵۆز کردووە.
خراپیی دۆخی ناوچەکانی حەویجە، بەتایبەت ئەو گوندانەی هاوسنوورن لەگەڵ گوندە کوردییەکانی باشوری داقووق، مەترسیی لەسەر کوردانی ناوچەکانی کاکەیی و داودە و تاڵەبانی دروست کردووە.
هاتنی شانە نووستووەکان بۆ نێو شار زیاتر لەو گەڕەک و شوێنانەن کە ئاوارەکانی شەڕی داعشیان لێ کۆبوونەتەوە. لە ماوەی سێ رۆژی رابردوودا لە دوو هەڵمەتی هێزەکانی دژەتێرۆر و ئاسایشی نیشتمانیدا لە گەڕەکی کوردستان شەش چەکداری داعش دەستگیر کراون کە یەکێکیان بەرپرسی بازگەکانی داعشە لە سنوری کەرکووک.
خەڵکی گەڕەکی کوردستان تەواو بێزاربوون لەو دۆخەی تێی کەوتوون و مەترسییەکانیان لە ئاست زیادبوونی شانە نووستووەکانی داعش ناشارنەوە.
لوقمان محەممەد، موختاری گەڕەکی کوردستان راگەیاند: "بە دڵنیاییەوە زۆربەیان کەسوکاری داعشن و لە داعشەوە نزیکن و ئیشیان بۆ دەکەن. بەڵگەشمان ئەوەیە ماڵ هەبووە بەیانی هاتوون، بۆ ئێوارەکەی تۆماری دەکەین، رۆژی دواتر لەوێ نامێنن."
لە دوایین لێدوانیدا، راکان جبووری، پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکووک رایگەیاندووە داعش زیاتر لەو ناوچانە هەن کە دەکەونە سنووری نێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان.
بە پێچەوانەی قسەکانی راکان جبوورییەوە ئەندامێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری هۆشداری لە زیندووبونەوەی داعش لە سنووری حەویجە دەدات.
د. ناسر هەرکی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق راگەیاند: "ئەوەی راکان باسی دەکات دوورە لە راستییەوە. بە پێچەوانەوە بوونی داعش و چالاکییەکانی لە ناوچەکانی دیکەیە کە دەبوو ئەو باسی بکات کە خۆیشی خەڵکی ناوچەکەیە، لەوانە ریاز و رەشاد و زاب و حەویجە."
بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەکانی عێراق، جموجووڵەکانی داعش جگە لە کەرکووک، لە تەواوی سنووری ناوچە دابڕاوەکاندا بە شێوەیەکی خێرا زیادی کردووە.
لە سنووری مەخموور، دەشتی قەراج و گوێر چەکدارانی داعش جموجووڵیان زیادی کردووە و هاتووچۆ دەکەن، بە جۆرێک بەهۆی مەترسییەکانەوە نزیکەی 35 گوندی کوردی لە ناوچەکەدا چۆڵکراون. ئەوانەشی دەگەڕێنەوە ناوچەکە چەند جووتیارێکن و جاربەجار بۆ کاری کشتوکاڵی بە رۆژ دەچنەوە گوندەکانیان.
جووتیارێکی کورد لە سنووری مەخموور دەڵێت: "لەلای گەلی مەنجەران لە چیای قەرەچووخ هەن. گوندە کوردییەکان هەموویان لەبەر مەترسییەکانی داعش چۆڵکراون. ساڵانە کە بەرهەمەکانمان پیدەگات، داعش داوای پارە دەکەن. ئەوەی پارەیان پێنەدات دەخڵودانەکەی دەسووتێنن."
بە گوێرەی زاینیارییە هەواڵگرییەکان، داعش لە ئەشکەوتەکانی رۆژئاوای قەرەچووخ دەمێننەوە و هەوڵیان داوە پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان بۆ خۆیان دابین بکەن. لە چەند وێنەیەک کە دەست هێزەکانی پیشمەرگە کەتوون، دەردەکەوێت چەکدارانی داعش هەوڵیان داوە لە رێگەی وزەی خۆرەوە کارەباش دابین بکەن.
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی پێشمەرگە لە میحوەری 6ـی مەخموور-گوێر هۆکاری زۆربوونی جمووجووڵی داعش دەگەڕێننەوە بۆ گەڕانەوەی چەکدارانی داعش لە سووریا و سنوورەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ عێراق.
لە زانیارییە هەواڵگرییەکاندا هاتووە چەکدارانی بیانی بە چاوساخی چەکدارانی نێوخۆیی لە ناوچە دابڕێنراوەکان و سنووری مەخمووردا خۆیان رێکخستووەتەوە.
عەقید سروود ساڵح، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی میحوەری 6ـی پێشمەرگە راگەیاند: "جموجووڵی داعش زۆرتر بووە، دوای ئەوەی زۆربەیان لە سووریاوە گەڕانەوە بۆ عێراق. ناوچەکە لە چیای قەرەچووخ و حەمرین تاوەکو کەرکوک و دیالە و خانەقین چەکدارانی بیانی و عێراقی و نیوخۆیی هەن."
لە ساڵی 2020ـەوە تاوەکو ئێستا فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان 82 جار بنکە و بارەگاکانی داعشیان لە سنووری مەخموور و چیای قەرەچوخ بۆردوومان کردووە و 156 چەکداری داعشیان کوشتووە.
rudaw -
