بەم نزیکانە بەردی بناغەی پردی تووەقوت له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ دادەنرێت

بەم نزیکانە بەردی بناغەی پردی تووەقوت له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ دادەنرێت
دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێم لە دیوانی وەزارەت پێشوازی لە ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجەو کاوە عەلی، جێگری پارێزگار کرد و رایگه‌یاند، هه‌رچی له‌ تواناماندا بێت بۆ خزمه‌تی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ درێغی لێ ناكه‌ین.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی وه‌زاره‌ته‌كه‌ نێردراوه‌، لەمیانی دیدارێکدا، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن ئاماژەی بە کار و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی وەزارەتەکەی کرد لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە و رایگەیاند؛ ئەوەی لەتوانایاندا بێت بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی خزمەتگوزاری و خزمەتکردنی هاووڵاتیانی سنورەکە درێغی ناکەن.

وەزیری ئاوەدانکردنەوە ئاماژەی بەوەکرد، رەزامەندی لەسەر پڕۆژەی درووستکردنی پردو رێگای (تووەقوت) وەرگیراوە و بەم نزیکانە بەردی بناغەکەی دادەنرێت و دواتر دەستبەکارکردن دەکرێت تێیدا، هەروەها رێگای دوو سایدی نێوان هەڵەبجە-سەیدسادق لەتەواوبوندایە و ژمارەیەک پڕۆژەی دیکەش کارکردن تێیاندا بەردەوامە.

لای خۆیەوە، پارێزگاری هەڵەبجە سوپاس و ستایشی هەوڵەکانی وەزیری ئاوەدانکردنەوەو وەزارەتەکەی کرد، لەبەرامبەر بەدەمەوەهاتنی داواکارییەکانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە و ئەنجامدانی ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاریی لە سنوورەکەیان، ھاوکات کۆمەڵێک پێشنیاز و داواکاریی خستەڕوو لەبارەی پڕۆژە گرنگەکانی پارێزگای ھەڵەبجە.

جێی ئاماژەیە، لە دوا سەردانیدا بۆ سنوری پارێزگای هەڵەبجە لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن بەشێوەیەکی مەیدانی پڕۆژەکانی وەزارەتەکەی لە سنورەکە بەسەرکردەوە، کە خۆی دەبینێتەوە لە (10)پڕۆژەی جیاواز و بڕی زیاتر لە ملیارێک دیناری بۆ تەرخانکراوە.
k24-
Top