لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا تاوتوێی هەردوو پێشنیازە یاسایی خوێندن و زانكۆ تایبەتەكانی كرد

لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا تاوتوێی هەردوو پێشنیازە یاسایی خوێندن و زانكۆ تایبەتەكانی كرد
لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە پەرلەمانی کوردستان تاوتوێی هەردوو پێشنیازە یاسایی خوێندن و زانكۆ تایبەتەكانی كرد و هەروەها گفتوگۆی وردی لەسەر كێشەی زانكۆ تایبەتەكان كرد.

ئەمڕۆ سێشەممە 26/1/2021، لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بەسەرۆكایەتی عەبدولسەلام دۆلەمەڕی، سەرۆكی لیژنە، جێگر، بڕیاردەر، ئەندامان و راوێژكارانی لیژنە، بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر هەردوو پێشنیازە یاسایی زانكۆ تایبەتەكان و پەروەردە، کۆبوونەوە.

لەسەرەتای كۆبوونەوەكەدا سەرۆكی لیژنە كارنامەی كۆبوونەوەكەی خوێندەوە و باسی سەردانی لیژنە لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لەگەڵ جێگری سەرۆكی پەرلەمان بۆ هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و وەزارەتی پەروەردە كرد.

پاشان گفتوگۆی ورد كرا لەسەر دەسپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندن بۆ ئەو قۆناغانەی لە ئێستادا بەهۆی ڤایرۆسی كۆڕۆنا(كۆڤید19) دەستی پێ نەكردۆتەوە، دوای گفتوگۆی ورد بڕیار درا نوسراوێك ئاراستەی لیژنەی باڵای رووبەڕووبونەوەی كۆڕنا بكرێت بۆ ئەوەی لە مانگی شوبات خوێندن بۆ ئەو قۆناغانە دەست پێ بكاتەوە بە جێبەجیبَكردنی رێنمایە تەندروستیەكان.

هەروەها لە گفتوگۆی پێشنیازە یاسایی پەیمانگا و زانكۆ تایبەتیەكان كرا، بڕیاردرا نوسراو ئاراستەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بكرێت بۆ ئەوەی سەرنج و پێشنیاری خۆیان ئاراستەی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لەپەرلەمان بكرێت، لەگەڵ ئاراستەكردنی نوسراو بۆ سەرجەم زانكۆ و پەیمانگا تایبەتەكان تاوەكو پێشیناریان بۆ دەوڵەمەندكردنی پڕۆژەكە ئاراستەی لیژنەی ناوبراو بكەن لەماوەیەكی دیاریكراودا.

لەبەشێكی تری كۆبوونەوەكە گفتوگۆی ورد لەسەر كێشەی زانكۆ تایبەتەكان كرا بۆیە بە پێویست زانرا لە پێشنیازە یاسایی زانكۆ و پەیمانگا تایبەتەكان رەچاوی ئەو گرفتانە بكرێت كە لە جێبەجێكردنی یاسایی زانكۆ تایبەتەكان دروست بووبوو.

تایبەت بە گفتوگۆكردن لەسەر پێشنیازە یاسایی پەروەردە لە هەرێمی كوردستان بەشدار بووانی كۆبوونەوەكە گفتوگۆیەكی وردیان كرد و پاشان بڕیار درا نوسراو ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران بكرێت بۆ ئەوەی لەماوەیەكی دیاریكراودا پێشنیازە یاساكە بنێردرێتە پەرلەمان و لە وەرزی یاسادانان پەسند بكرێت.

بڕگەی كۆتای كۆبوونەوەكە خستنەڕووی راپۆرتی سەردانی لیژنەیەكی لاوەكی لە ئەندامانی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بۆ زانكۆی پۆلتەكنیكی هەولێركە بەمەبەستی بەدوا داچوون بۆ كێشەو كەم و كوری و دابین كردنی پێداویستیەكانی بەشە ناوخۆییەكانی زانكۆ و قستی كرێی خوێندنی پارالیل بە سێ قست و گیروگرفتەكانی زانكۆ و بەتایبەتی شوێنی نیشتەجێبوونی خوێندكارانی هەردوو بەشی شیكاری نەخۆشیەكان و پەرستاری تەق تەق/پەیمانگای تەكنیكی كۆیە و چەندین بابەتی پەیوەندار.

هەروەها سێ لیژنەی لاوەکی پێکھێندران بەمەبەستی بەدواداچوونی گرفتی (ترقین قید) خوێندنی باڵا و سەردانی ھەردوو زانکۆی پۆلیتەکنیکی دھۆک و زانکۆی نەورۆز بەمەبەستی دڵنیابوون لە کەم کردنەوەی کرێی خوێندن و ئاریشەکانی پەیوەست بە زانکۆکان.












باسنيوز


Top